
فەرمانگەی میدیا و زانیاری: دەنگۆی بڕینی کارەبای ماڵان بەهۆی بوونی ئامێری پزیشکییەوە، دوورن لە ڕاستییەوە
حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەتیدەکاتەوە هیچ بڕیارێک بۆ بڕینی کارەبا لەو ماڵانە هەبێت کە ئامێری پزیشکی بەکاردەهێنن.
لە ڕاگەیاندراوێکدا فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، ئەو دەنگۆیانەی باس لە بڕینی کارەبای ماڵان دەکەن بەهۆی بوونی ئامێری پزیشکییەوە، دوورن لە ڕاستییەوە و تەنها بۆ چەواشەکاری بڵاو کراونەتەوە.
حکومەت جەختی کردەوە کە تەندروستی هاووڵاتییان لە سەرووی هەموو بابەتێکی ترە و پاراستنی ژیانیان لەپێشینەترین ئەرکی دامەزراوەکانە.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، وەزارەتی کارەبا مۆڵەتێکی 50 ڕۆژەی دیاری کردووە تەنها بۆ ڕێکخستنەوەی ڕێکارە کارگێڕییەکان، تاوەکو هاوبەشان بتوانن کێشەکانیان چارەسەر بکەن و لە پڕۆژەی ڕووناکی سوودمەند بن.
هەروەها حکومەت داوای لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کردووە، پابەندی ئیتیكی پیشەیی بن و تەندروستی منداڵان و هەستی هاووڵاتییان بۆ مەرامی سیاسی و تایبەتی بەکار نەهێنن.