
بڕیاردرا.. هەر كاتێك كارەبای نیشتمانی پچڕا مۆلیدەكان هەڵبكرێنەوە
ئەنجومەنی مۆلیدە ئەهلییەكانی هەولێر ڕاگەیاندراوێكیان بڵاو كردۆتەوە و تێیدا هاتووە: ئەمرۆ پێنجشەممە لە دوای پچڕانی کارەبای نیشتمانی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای مۆلیدە ئەهلییەکان لەگەل ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر هەستان بەدانانی خشتەیەکی پێكردنی كارەبا بۆ مۆلیدە ئەهلییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر.
ئەنجومەنەکە ڕاشیگەیاندووە: لەسەر بریاری پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای مۆلیدە ئەهلیيەکان، سەرجەم خاوەن مۆلیدەکان ئاگادار كرانەوە كە بۆ ڕۆژانی داهاتوو لە كاتی پێویستدا كارەبا بدەنەوە بە هاووڵاتییان.
ئەوەش خراوەتە روو: گشت خاوەن موەلیدەكانی ناو شار و شارۆچكەكانی دیكە كاركردنی مۆلیدەكان 24 كاتژمێر دەبێت، هەروەها لە كاتی نەبوونی كارەبای نیشتمانیدا بۆ 165 كاتژمێر پێكردنی مۆلیدەكان 10,000 هەزار دینار بۆ یەك ئەمپێر كۆ دەكرێتەوە بۆ ماوەی دوو مانگ.
ئاماژە بەوەشدراوە: لە ماوەی ئەم دوو مانگەدا ئەگەر مۆلیدە 165 كاتژمێر كاری نەكرد، كارەبای نیشتمانی نەكوژایەوە ئەوە سفر دەبێتەوە هیچ قەرداری هاووڵاتی نابێتەوە.
لە کۆتایی دووپات لەوە كرایەوە ؛” لە كاتی نەبوونی كارەبای نیشتمانیدا، مۆلیدەكان دەبێت كارەبا بدەنەوە هاووڵاتییان، بەپێچەوانەوە رووبەڕووی ئیجرائات دەبنەوە.