دڵنیایی درا: قەیرانی گازی ماڵان ڕوونادات و کارەبای هەیە ڕێکدەخرێتەوە

هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشدا نوێترین پێشهاتەکانی تایبەت بە ڕاوەستانی کێڵگەی کۆرمۆر و ڕێوشوێنەکانی چاککردنی دۆخەکەیان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا کرد.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەهۆی هەڕەشە ئەمنییەکانەوە کۆمپانیای “داناگاز” بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە کێڵگەی کۆرمۆر وەستاندووە، بەمەش هەناردەی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا ڕاوەستاوە و بڕی 2500 مێگاوات کارەبای نیشتمانی کەمبووەتەوە.

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە، وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، تیمێکی هاوبەشی هەردوو وەزارەتیان ڕاسپاردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، تاوەکو ئەو بڕە کارەبایەی کە لە وێستگە جۆراوجۆرەکانی دیکەدا بەرهەم دێت، بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و دادپەروەرانە بەسەر پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکاندا دابەش بکرێت. تیمێکی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمیش بەردەوام چاودێریی دۆخەکە و ڕێکخستنەوەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی کارەبا دەکات.

سەبارەت بە دابینکردنی گازی شل (گازی ماڵان)، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕەزامەندیی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی وەرگرتووە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی ڕۆژانەی ماڵان، و هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە چەندین تەنکەری گاز ڕەوانەی شارەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێن.

لە کۆتاییدا، هەردوو وەزارەتەکە هاووڵاتییان دڵنیا دەکەنەوە کە هیچ قەیرانێکی گازی ماڵان ڕوونادات و هەوڵەکان بەردەوامن بۆ گەڕانەوەی بەرهەمهێنانی کێڵگەی کۆرمۆر بۆ دۆخی ئاسایی لە زووترین کاتدا.

Back to top button