
سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان دەکات
ئەمڕۆ یەکشەممە 7/26 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارەکەدا، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، کورتەیەکی دەربارەی کار و چالاکییەکانی دەستەکەیان لە ماوەی ڕابردوودا خستەڕوو . لەمبارەیەوە جەخت لە گرنگیی بەهێزترکردنی هاوئاهەنگیی و هاریکاری نێوان دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی بەهەدەردانی سامانی گشتیی کرا.
سەرۆکی حکومەت وێڕای دووپاتکردنەوە لە پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بە هەموو جۆرەکانییەوە، ئامادەیی حکومەتیشی بۆ پێشکەشکردنی هەموو ئاسانکاریی و هاوئاهەنگییەک لەگەڵ دەستەی دەستپاکی لەپێناو درێژەدان بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دووپات کردەوە.