هەرێمی کوردستان ئامادەکاری بۆ جێگیرکردنی شایستە داراییەکانی لە بودجەی 2027ـی عێراق دەکات

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە: ” کۆبوونەوەیەکی باڵای ئەنجام درا، بە مەبەستی ئامادەکاری و جێگیرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵی 2027ـی عێراقدا.

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە دیاریکردنی شایستە داراییەکان لەسەر بنەمای دەستوور، یاسا کارپێکراوەکان و دواین داتاکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان دەبێت. لەو چوارچێوەیەدا بڕیار درا لە ڕۆژانی داهاتوودا زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت، بە مەبەستی کۆکردنەوە و ڕێکخستنی خواست و پێداویستییە داراییەکانیان.

هاوکات ماوەی چەند مانگێکە کارکردن دەستی پێکردووە بۆ خەمڵاندنی بودجەی پێویست بۆ بەشەکانی مووچە، خەرجیی بەکارخستن و کەرتی وەبەرهێنان، سەرباری هەوڵدان بۆ داواکردنی دامەزراندنی نوێ و گەڕانەوەی ئەو شایستە داراییە نەدراوانەی پێشووی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە تا ئێستا خەرج نەکراون.

Back to top button