پڕۆژەی ڕووناکی: لە دوو ڕۆژدا زیاتر لە 35 هەزار هاوبەشی کارەبا قەرزی کۆنیان بە داشکاندنی 50٪ داوەتەوە.

نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نوێترین داتا و زانیاریی لە بارەی پرۆسەی لێخۆشبوون و داشکاندنی قەرزەکانی کارەبا پێش پڕۆژەی ڕووناکی بڵاو کردەوە.

بە پێی ڕاگەیاندراوی نووسینگەی سەرۆکی حکومەت، ڕێژەی داشکاندنی قەرزەکان بەپێی جۆری هاوبەشان بەم شێوازە دیاریکراوە:

داشکاندنی 50% بۆ سەرجەم هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵی.

داشکاندنی 25% بۆ هاوبەشانی پیشەسازی، بازرگانی و میری (جگە لەو هاوبەشانەی کە فیدەری تایبەتیان هەیە و ژمارەیەکی زۆر کەم پێکدەهێنن).

نووسینگەی سەرۆکی حکومەت، ڕاشیگەیاندووە: ئەمە دوایین لێخۆشبوونی ناوازەیە و بە چەند هۆکارێک گرنگی تایبەتی هەیە؛ یەکەم، ئەم دەرفەتە چیدیکە درێژ ناکرێتەوە. دووەم، داشکاندنەکە ڕاستەوخۆ جێبەجێ دەکرێت و هاوبەشان تەنیا پێویستە بڕە پارەی داشکێنراوی قەرزی کۆن بدەن.

هاوكات جەخت لەوە کراوەتەوە، کە هاوبەشان پێویستە لە پارەدانی پسوولەی مانگانەی ڕووناکی بەردەوام بن و لە ماوەی 50 رۆژدا بیبژێرن، بە پێچەوانەوە لە ڕێگەی سیستەمی خۆکارەوە کارەباکەیان دەپچڕێت.

سەبارەت بە داتاکانی پرۆسەکە، تاوەکوو کاتی بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندراوەکە، بڕی لێخۆشبوونی حکومەت لە قەرزی کۆن گەیشتووەتە نزیکەی 10 ملیار دینار و زیاتر لە 35,000 هاوبەش قەرزەکانیان داوەتەوە. هاوکات رێژەی پارەدان لە رێگەی سیستەمی دیجیتاڵیی “ئی-پسوولە” گەیشتووەتە 75%

دابەشبوونی بڕی لێخۆشبوون لەسەر ئاستی پارێزگاکان تاوەکوو ئێستا بەم شێوەیەیە:

هەولێر: 3.5 ملیار دینار.

سلێمانی: 3.5 ملیار دینار.

دهۆک: 2.5 ملیار دینار.

هەڵەبجە: 100 ملیۆن دینار.

Back to top button