
دابەشكردنی شیرینی لە پرسەکان قەدەغە کرا
بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی دهۆک دابەشکردنی پاقلاوە، قاوە و خورمای لەکاتی بەڕێوەچوونی پرسە لە سنووری پارێزگاکە قەدەغە کرد.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆیەک بڵاوبوویەوە و هەرزوو کاردانەوەی لەناو خەڵک دروست کرد. لە هۆڵێکی پرسە لە دهۆک، ستافێکی تایبەت، شیرینی و قاوە و خورمایان بەسەر ئامادەبووانی پرسەکەدا دابەش کرد. ئەوقافی دهۆک هاتووەتە سەر خەت و قەدەغەی کرد.
ئەوقافی دهۆک ڕایگەیاند: ” ئێستا هۆشداریمان داوە بە شیرینیخانەکان شتی وا دووبارە نەکەنەوە، ستاف بنێرن بۆ پرسەکان و پاقلاوە دابەش بکەن.
ڕاشیگەیاندووە:” مزگەوت شوێنێکی پیرۆزە بۆ پەرستن و نزا؛ پێویستە پرسەش بەپێی ڕێوڕەسم و دابونەریتی ئایینی و کۆمەڵایەتی بێت، نەک ببێتە هۆی ئیسراف و دەرکەوتنی دیاردەی نامۆ.