
پارتی: قسەکانی پارێزگاری کەرکووک خزمەت بە پێکەوەژیان ناکات.
مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک – گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕاگەیاندراوێکی توندی سەبارەت بە لێدوانەکانی دوایی محەمەد سەمعان کەنعان، پارێزگاری کەرکووک بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی کردەوە کە بێبەهاکردنی ماددەی 140 لەلایەن پارێزگارەوە بە مانای بێبەهاکردنی دەستوور و بەتاڵکردنەوەی عێراقە لە مانای دەوڵەتبوون.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا پارتی ئاماژەی بەوە کردووە کە هەمیشە کەرکووکی بە نموونەی پێکەوەژیان و برایەتی بینووە و پێی وایە لەپێناو پاراستنی ئەم ئاشتییەدا دەبێت هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان خاوەنی ماف و ئەرکی خۆیان بن. هەروەها جەختکراوەتەوە کە دەستوور و ماددەی 140 نەخشەڕێگەیەکی دروست و سەردەمیانەیە بۆ چارەسەرکردنی ڕیشەیی گرفتەکان.
پارتی لێدوانەکانی پارێزگاری کەرکووکی بە “نابەرپرسیارانە” و “هەوڵێک بۆ فیتنەگێڕی و شکاندنی تەبایی” وەسف کردووە و ئاماژەی بەوە داوە کە ئەو جۆرە قسانە لە ڕاستیدا هیچ خزمەتێک بە بەرژەوەندیی دانیشتووانی کەرکووک ناکەن، بەڵکو کێشەکان قووڵتر دەکەنەوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک – گەرمیانی پارتی باسی لە شەرعییەتی پۆستی پارێزگار کردووە و ڕایگەیاندووە: “بوونی محەمەد سەمعان کەنعان بە پارێزگاری کەرکووک ئەنجامی سەفقەیەکی گوماناویی فندق ڕەشید بووە، ئەگەر هەڵبژاردنێکی ئازاد و دیموکراتی با، دۆخەکە بە شێوەیەکی تر دەبوو.”