حوسێن یەزدان پەنا: بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بڕیارێكی زۆر گرینگ و بوێرانە بوو
خواكوڕك
دوای ئەوەی پرسی سازدانی ریفراندۆم هەنگاوی بۆ هەلنراوە بە تایبەت لە لایەن پارتی و یەكێتی لێژنەیەك بۆ سەردانی كردنی حزب و لایەنەكانی كوردستان پێكهێنرا ئەمڕۆش لەگەڵ كونسوڵ و نوێنەری وڵاتان كۆبوونەوە, بەرپرسی حزبێكی رۆژهەڵاتی كوردستانیش دەڵێت:” ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان دەبێتە پشتیوانیی بەهێز بۆ پارچەكانی دیكەی كوردستان”
حوسێن یەزدانپەنا جێگری سكرتێری گشتیی پارتی ئازادیی كوردستان دەڵێت،:” پرسی ڕیفراندۆم پرسێكی گرینگە و خەڵكی كوردستان لەو ڕێگایەوە بڕیار لە مافی چارەنووسی خۆیان دەدەن. دەشڵێت، سەركەوتنی ئەزموونی باشووری كوردستان پشتیوانێكی گەورەیە بۆ پارچەكانی دیكەی كوردستان.
یەزدانپەنا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانیشی گوتووە: ”گەلی كوردستان بڕیاری خۆی داوە، كە ژێردەستەیی قبووڵ ناكات، بڕیاری ڕیفراندۆم لەلایەن سەركردایەتیی سیاسیی كوردستانەوە، بڕیارێكی زۆر گرینگ و بوێرانە بوو، چونكە ئێستا هێزی پێشمەرگەی كوردستان بووەتە ناسنامەی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بەرگریكردن لە هەموو جیهان. باشووری كوردستان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بووەتە خاوەنی دامەزراوەگەلی گرینگ و خۆماڵی و خەڵكی كوردستان دڵخۆشن بەوەی هەرێمی كوردستان لە قۆناغی شەڕی چیاكانەوە، ئیستا شەڕی دەنگدان بۆ ڕیفراندۆم و مافی دیاریكردنی چارەنووسی گەلی كوردستان دەكات.”
جێگری سكرتێری گشتی پارتی ئازادی دەشلێت: ”بەبێ جیاوازی دەبێ پرسی ڕیفراندۆم بكرێتە پشتیوانیی بەهێز بۆ ئەوەی لەو ڕێگایەوە مافی گەلی كوردستان دیاری بكرێت، كە بەدڵنییایییەوە ئەمە مافی گەلی كوردستانە و، هاوكات بۆ ئەو پرسە هەست بە پشیوانیی نێودەوڵەتیش دەكرێت، چونكە زۆر وڵات و نەتەوەیەكگرتووەكانیش ئامادەییان دەربڕیووە، بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسەیە.”
لەكۆتای قسەكانیدا ئەو بەرپرسەی رۆژهەڵاتی كوردستان دەلێت: ”ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان دەبێتە پشتیوانیی بەهێز بۆ پارچەكانی دیكەی كوردستان و حەقە ئەو ڕێگایە لە پارچەكانی دیكەی كوردستانیشدا دووبارە بكرێتەوە. دەنگدان بۆ ڕیفراندم مافێكی ڕەوایە و وەك حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەتەواوەتی پشیوانی و پشگیریی لێ دەكەین.”