پارتی پلانی (B)ی هەیە

رێبوار کەریم وەلی

(1)

لەناو پارتیدا، تەنها یەك هێڵی سوور هەیە ئەویش مەسعود بارزانییە. پارتی لەسەر هەموو شتێك ئامادەی دانوستاندن و موعامەلەیە، بەڵام كە ببینێ كەسایەتی و پێگەی بارزانی لە مەترسیدایە، خۆی لە ئاو و ئاگر دەدات. هەر بۆیەشە، لەو گەڕەی گفتوگۆكانی دكتۆر فوئاد حوسێندا و لە هەموو ئەو پێشنیاز و چارانەی دەخرێنە روو، یەك بنەمای سەرەكی هەیە كە ئەویش پێگەی بارزانییە (گەرچی هەر لە بنەڕەتیشدا كێشەكە لەسەر ئەوە بووە).

 

لە 23ی حوزەیراندا كە گۆڕان، یەكێتی و كۆمەڵ لە گردی (زەرگەتە)وە دەستیان برد بۆ شانەی (زەرگەتە)، رەنگبێ لەبەر مروونەتەكانی پارتی لە پێكهێنانی كابینەی هەشتەم و دواتریش حكومەتەكەی عەبادیدا، وا تێگەیشتبن كە پارتی وەك ماری سڕی لێهاتووە و چی لێ بكەن نققەی لێوە نایەت! پارتی لە رۆژانی پێش 23ی حوزەیرانەوە كە لەبەر پەرلەمانتارانی كۆمەڵ، یەكێتی و گۆڕان دەپاڕایەوە وا نەكەن هەیبەتی پەرلەمان بشكێت، حیسابی ئەمڕۆ و سبەینێشی كردبوو.

 

پارتی باش دەزانێ كە ئەگەر بەرامبەرەكانی توانای كۆكردنەوەی پەرلەمانیان لە دەرەوەی هەولێر هەبووایە، سێ و دوویان لێ نەدەكرد، وەك چۆن ئێستا سەرۆكی هەڵپەسێردراوی پەرلەمان و سكرتێرەكەی لە نووسینگەی سلێمانی دەوام دەكەن! بۆیە كە نەیانكردووە، لەبەر ئەوە بووە كە نەیانتوانیوە. پارتی باش دەزانێ كە ئەگەر توانای راگەیاندنی هەرێمی سلێمانییان هەبووایە، بیانوویەكیان بۆ دەدیتەوە، بۆیەش پارتی بە هیچ پێشنیازێكی تازەوە نەچووەتە بەردەم لایەنەكان و هیچ تەنازولێكیشی نەكردووە.

 

پارتی هەر لە رۆژی یەكەمەوە لەگەڵ سیستەمی پەرلەمانیدایە، بەڵام دەیەوێ ئەگەر قەرار بێت هەرێمی كوردستان سەرۆكێكی هەبێ (لانیكەم تا ئەو رۆژەی كاك مەسعود لەژیاندا بێت) دەبێ بە هەڵبژاردنی راستەوخۆی خەڵك بێت، جا دەسەڵاتەكانی چی و چۆن دەبن كێشە نییە. پارتی ئیسپاتیشی كرد كە بە 38 كورسییەوە، هەم دەتوانێ زۆرینە بێت و هەم بەخشندە، بەڵام ئەگەر لایەنەكان ئەو براگەورەییەی قەبوڵ نەكەن، ئەوا پلانی دیكەشی لەبەردەستە. یان لایەنەكان لەسەر سیغەیەك بۆ كۆكردنەوەی پەرلەمان و فراوانكردنی حكومەت رێكدەكەون، یانیش پارتی خۆی بەتەنها (جا یەكێتی ئەو كاتە دەبێ بەتەواوەتی خۆی یەكلایی بكاتەوە) ئەوە دەكات.

 

بە كورتییەكەی پارتی كە رێگری لە هاتنەوەی سەرۆكی هەڵپەسێردراوی پەرلەمان بۆ هەولێر كرد، حیسابی خۆی تا ئەو شوێنە كردبوو كە ئەگەر نەتوانێ پەرلەمان كۆبكاتەوە، هەڵیوەشێنێتەوە. ئەوە ساڵێكە پارتی بۆی چووەتە سەرێ و دەچێتە سەرێش. چونكە ئەوە حەفتا ساڵە بۆی چووەتە سەر، گرنگ ئەوەیە كە لایەنەكان بتوانن رێگەیەك بۆ رێككەوتن لەگەڵ پارتیدا بدۆزنەوە.

 

لە ئەمریكاوە بۆ ئێران

 

(2)

ئەگەرچی دكتۆر بەرهەم ساڵح لەڕووی كاراكتێر و كەسایەتییەوە، خەلیفەی بەرهەقی مام جەلالە، بەڵام رەنگبێ تەنها لێكچوونی لە سیاسەتدا، ئەوە بێت كە دەتوانێ لە كۆنگرەی دیموكراتەكانەوە لە ئەمریكا بەپێی تۆزاوی بچێتە تاران! ئەمە بەس لە تاڵەبانی بەدی دەكرا، ئەگەرچی تاڵەبانی نموونەی بەرجەستەی دەستەواژەی (سیاسەت) بوو نەك (پۆلەتیكا)، بەو مانایەی كە فارس دەڵێ: “دووبەرەكی بنێوە و حكومەت بكە” و دواییش ئەمریكییەكان بۆیان تەواو كردوون كە دەڵێن: “كێشە بنێوە و چارەسەری مەكە، ئیدارەی بكە”! شەست ساڵ لە ژیانی سیاسیی مام جەلال ئاوا تێپەڕی. كێشەكانی شەستەكانی ناو پارتی نەك تا ناو حیزبەكەی خۆی، بگرە تا كۆشكی كۆماریی بەغداش برد و ویستی هەر ئیدارەی بكات، كە پێی نەكرا، هەموو شتی لە كیس چوو.

 

مانگ و نیوێكە دەبووایە شاندێكی باڵی ریفۆرمی ناو یەكێتی سەردانی ئێرانی كردبایە، بە بیانووی جیا جیا سەردانەكە دواخرا، بەڵام كە بڕیاریشی لێ درا، هاوكات بوو لەگەڵ لەسێدارەدانی (جا بە هەر هۆكارێك بێت) 21 كورد لە كوردستانی رۆژهەڵات. تەوقیتێكی خراپ!

 

كرۆكی سەردانەكە و بانگهێشتەكەی ئێران ئەوەیە كە دەیەوێ بەڕاستی لە نیەتی باڵی ریفۆرم ئاگادار بێت، (ئەگەرچی باڵی دەستڕۆیشتوو دەیەوێ وایان نیشان بدات كە كەناڵی پەیوەندیی نێوان یەكێتی و ئێران ئەوانن!) بە تایبەتیش كە بەشدارییان لە رێككەوتنی 17ی مایسدا، بەشدارییەكی نمایشی بوو تا كۆنكریتی.

 

بۆیە ئێران دەیەوێ دڵنیا بێت لەوەی كە جارێكی دیكە ناوماڵی یەكێتی دوولەت نابێتەوە، دەیەوێ دڵنیا بێت كە هەمووان براگەورەیی نەوشیروان مستەفایان قەبوڵە یان نا؟ دەیەوێ بزانێ باڵی ریفۆرم چەند لە پارتییەوە دوور یان نزیكن (ئێران حیساب لەسەر پەیوەندیی ژێر بە ژێر دەكات تا ئاشكرا). ئێرانییەكان كە نەوشیروان مستەفا لە یەكێتی جودا بووەوە، تەققەی سەریان دەهات، یەكەم لەبەر ئەوەی مام جەلال هەبوو، دووەمیش پێیانوابوو كە نەوشیروان مستەفا لە كۆنتڕۆڵ دەرناچێ، بەڵام ئەمجارەیان ئەگەر جیابوونەوەیەك رووبدات، لە كۆنترۆڵی ئێراندا نابێت.

 

لە فەرهاد پیرباڵ تێدەگەم

 

(3)

نزیكەی بیست ساڵە دكتۆر فەرهاد پیرباڵ دەناسم و برادەریشین، رووبەڕوو مەدحم دەكات و پاشەملەش جنێوم پێدەدات! زۆرجار لێدوانەكانی بەلای منەوە سووكایەتی ئامێز بوونە، بەڵام كە بەكوردی بخوێنیەوە و ببیستی، عاقیبەت هەر وات لێدێت.

 

لەسەر شەنگال هەزار و یەك هەقایەت هەیە، بەڵام تۆ بڵێی سەرۆكێك و حیزبێك كە بیانەوێ دەوڵەتی سەربەخۆ دروست بكەن، بە تاكتیك! كارەساتی وا گەورە بەسەر میللەتی خۆیان بێنن؟ باشە، هەموو یەك دوو هەفتە پێش شەنگال بوو كە میدیای پەكەكە پەیتا پەیتا راپۆرتیان لەسەر هاوپەیمانێتی داعش و پارتی بڵاودەكردەوە! كە باسی شكست دەكرێ، لە پارتی زیاتر كەسی لێ نەبووە، بەڵام شوكر حەوت گەریلای پەكەكە پێشیان بە لەشكری داعش گرتووە! ئەگەر قەرار بێت بە دوای تاوانباردا بگەڕێین، دەبێ بەرپرسیارانی ئەنفال و هەڵەبجەش كە دەستیان لەگەڵ ئێراندا تێكەڵ كردبوو، بدرێنە دادگا!

 

Back to top button