نێچیرڤان بارزانی كرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌كه‌ی میسر شه‌رمه‌زار ده‌كات

خواكوڕك

( نێچیرڤان بارزانى) سه‌رۆكى حكومه‌تی هه‌رێمى كوردستان، له‌ په‌یامێكدا ته‌قینه‌وه‌ تیرۆریستییه‌كانى دوێنێى میسر به‌توندى شه‌رمه‌زار ده‌كات و ده‌ڵێت”گه‌لى كوردستان كه‌ زۆرى له‌ ده‌ست تیرۆر و تیرۆریستان چه‌شتووه‌، به‌ قووڵى له‌ ئێش و ئازاره‌كانى خانه‌واده‌ى قوربانییان و گه‌ل و حكوومه‌تى میسر تێده‌گات و هه‌موو پشتگیرى و هاوسۆزییه‌كى خۆى له‌گه‌ڵیاندا دووپات ده‌كاته‌وه‌”.
ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌ریمی كوردستان:-
به‌ توندى ئه‌و هێرشه‌ تیرۆرستیانه‌ سه‌ركۆنه‌ ده‌كه‌م كه‌ دوێنێ كرانه‌ سه‌ر دوو كه‌نیسه‌ له‌ هه‌ردوو شارى ته‌نتا و ئه‌سكه‌نده‌رییه‌ له‌ باكوورى میسر و تیایدا ژماره‌یه‌ك له‌ هاووڵاتیان و پیاوانى ئاسایش بوونه‌ قوربانى. هاوسۆزى و هاوخه‌میى قووڵم له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌ و كه‌سوكارى قوربانییان و گه‌ل و حكوومه‌تى میسر ده‌رده‌بڕم.
گه‌لى كوردستان كه‌ زۆرى له‌ ده‌ست تیرۆر و تیرۆریستان چه‌شتووه‌، به‌ قووڵى له‌ ئێش و ئازاره‌كانى خانه‌واده‌ى قوربانییان و گه‌ل و حكوومه‌تى میسر تێده‌گات و هه‌موو پشتگیرى و هاوسۆزییه‌كى خۆى له‌گه‌ڵیاندا دووپات ده‌كاته‌وه‌.
دووباره‌بوونه‌وه‌ى به‌رده‌وام و فراوانبوونى قه‌باره‌ى كاره‌ تیرۆریستییه‌كان له‌ شوێنه‌ جیاكانى جیهان، نیشانه‌یه‌كى مه‌ترسیدار و زه‌نگێكى ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێ ڕێكارى گه‌وره‌تر و توندتر به‌رامبه‌ر تیرۆر و تیرۆریستان له‌ هه‌موو شوێنێك بگیرێته‌ به‌ر و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى، هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى زیاتر بكات.
نێچیرڤان بارزانى
سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان
10/4/2017

Back to top button