نامەكەی مەلا بەختیار ئاشكرا دەبێـت

خواكوڕك 

بەرپرسی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان مەلا بەختیار نامەیەكی هۆشداری داوەتە مەكتەبی سیاسی و داوایی بەپەلە جێبەجێ كردنی مەركەزیەتی یەكێتی دەكات و داوا دەكات ئەو پەرش و بڵاویەی ناو یەكێتی لەرێگای لێژنەی پاداشت و سزا چارەسەر بكرێت و پەیرەوی ناوەخۆی یەكێتی جێبەجێ بكرێت”.

نامەكە كە رۆژنامەی چاودێری سەر بە مەلا بەختیار بڵاوی كردۆتەوە، تێدا هاتووە، ئەم دۆخەی ناو یەكێتی، ئاشكرا یەكێتی راكێشاوەتە ئاستی سەركێشی لە بڕیارو بێباكی لە دابینكردنی بەرژەوەندی، دڵنیام لەمەودوا ئەو دیاردەو روداوانە زیاتر پەرەدەسەنن. تەنانەت مەترسی لەسەر ئاسایشی یەكێتی‌و، كێشەكانی ناوچەی سەوز پەرەدەسەنێ‌‌و ئیتر یاخیبون لە بڕیارەكان‌و هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی مەركەزی لەناوچەكاندا، لەنیمچە سەركێشی ئێستاوە، دەگاتە هەڵگەڕانەوە. بەڵكو روداوی نەخوازراویش! بۆیە:

دەقی نامەكە:

بەرێزان/  هەڤاڵ كۆسرەت، هەڤاڵانی كارگێڕ، هەڤاڵ هێرۆ!

سڵاوێكی هەڤاڵانەی گەرم‌و هیوام خۆشیتانە..
لەسەردانی بەرێز كۆسرەت رەسوڵ رۆژی (13/3)و هەڤاڵان حاكم قادرو شێخ جەعفەر رۆژی (14/3) كە لەگەڵیاندا دانیشتم‌و گفتم دابوو، ئەم رێسایەی بەپێویستی دەزانم بۆ ژیانی حیزبایەتی، لەم دۆخەی یەكێتیەكەمان تێیكەوتووە، باسی بكەین. دوای بیركردنەوە، بەئومێدی چارەسەركردنی قۆناغ بەقۆناغی كێشەكان، وام پێباشە رێساكەتان بۆ بنێرم‌و بەبێ‌ من كاتێكی باشتر بۆ تاوتوێكردنی هەبێ‌، دوای زانینی بیروڕاتان، ئینجا دوابڕیاری خۆم بە مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی‌و ئەنجومەنی ناوەند، لەچۆنیەتی درێژەپێدانی بەرپرسیارێتیم، یان پێچەوانەكەی، رابگەیەنم.

هەڤاڵان!
ناچمە ناو شیكردنەوەی وردو درشتی كێشە نالەبارەكانی كوردستان‌و دۆخی ناو یەكێتی، تەنها ئاماژەیان دەدەمێ‌:  گەندەڵی، كۆمپانیابازی، چاوپۆشین لە كۆمپانیا ئاشكراو نهێنیەكان، نەهێشتنی بنەماكانی ناوەندێتی حزبی‌و پەراوێزخستنی پلەبەندی ئۆرگانەكان، چۆنیەتی پارە سەرفكردن، لێدوانی لیبراڵی رۆژنامەگەری، نەمانی سزاو پاداشت، پشتیوانیكردنی هەلپەرست، دوركەوتنەوە لە سیاسەتی مەركەزی ئابوری‌و دارایی ئیدارەی گشتی.

چارەسەری ئەو دیاردە دزێوانە لەكۆبونەوەكاندا دەیان جار باسكراوە، بەڵام بەردەوام دیاردەكان زۆرتر بون. تەنانەت لەكۆبونەوەی مەكتەبی رێكخستن، بەئامادەبونی بەرپرسانی مەڵبەندەكان، راپۆرت بۆ مەكتەبی سیاسی بەرزكرایەوە، كە چیكە لابەلا پارە سەرف نەكەن‌و پەیوەندی بە ئۆرگانەكانەوە نەكرێ‌، بڕیارمان داو دابەشمان كردە سەر سەرجەم ئۆرگانەكان، نەك جێبەجێ نەكرا، بەڵكو وەكو پەرچەكردار، ئەم پێشێلكارییانە لەئۆرگانەكاندا زیاتریش كران.

هەڤاڵان!
بۆ مێژوو رۆژی (19/12/2016) دوای چاوپێكەوتنی زیاتر لە (50) كەسوكاری شەهیدو بیستنی زوخاوی ناخیان بەرامبەر یەكێتی، لە وتارێكدا زەنگی مەترسیدارم لەسەر چارەنوسی یەكێتی لێداوە. بەڵام دڵنیام بەشێكی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی ئەزیەتی ئەوەشیان نەكێشاوە، تەنانەت بیخوێننەوە، چ جای بسڵەمێنەوە لەچارەنوسی مەترسیداری یەكێتی!

ئەم دۆخەی ناو یەكێتی، ئاشكرا یەكێتی راكێشاوەتە ئاستی سەركێشی لە بڕیارو بێباكی لە دابینكردنی بەرژەوەندی، دڵنیام لەمەودوا ئەو دیاردەو روداوانە زیاتر پەرەدەسەنن. تەنانەت مەترسی لەسەر ئاسایشی یەكێتی‌و، كێشەكانی ناوچەی سەوز پەرەدەسەنێ‌‌و ئیتر یاخیبون لە بڕیارەكان‌و هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی مەركەزی لەناوچەكاندا، لەنیمچە سەركێشی ئێستاوە، دەگاتە هەڵگەڕانەوە. بەڵكو روداوی نەخوازراویش! بۆیە:

ئەگەر دەمانەوێ‌ مەترسیەكان بەرە بەرە كەمبكەینەوە، هاوكات رادەیەك ئومێد بۆ ژیانی حیزبایەتی بگێڕینەوە، پێویستە ئەم رێسایە پەسەند بكرێ‌:

یەكەم: پابەندبون بە پەیڕەوی ناوخۆو ژیاندنەوەی پلەبەندی حیزبایەتی‌و زەمینەسازی بۆ گێڕانەوەی مەركەزیەت‌و مەرجەعیەت‌و كردنەوەی دەرگاكانی چالاكی رێكخراوە دیموكراتی‌و مەدەنیەكان.

دووەم: چاودێریكردنی كاری حكومەت‌و تێكڕا ئۆرگانەكان، لەراپۆرتی مانگانەدا، سزاو پاداشتیش بكرێتە بنەمای كۆبونەوەكان.

سێهەم: هاوشانی نەخشەرێگەی پەسەندكراوی ئەنجومەنی سەركردایەتی، چەمكەكانی دیموكراسی‌و عەدالەتی كۆمەڵایەتی، لە پەروەردەكردنی ئۆرگانەكان‌و لەناو رای گشتیدا، بكرێتە بنچینەی سیاسەتی یەكێتی.

چوارەم: رێگرتن لە هەموو چەشنە پرۆژەیەكی ئابوری ناشەرعی لەسەر حسابی بازاڕی ئازادو مافی هاوڵاتی.

پێنجەم: لەماوەی دوو مانگدا، پلینیۆم بەپێی بڕگەكانی پەیڕەوی ناوخۆ ببەسترێ‌. بۆ كۆتایی ساڵیش كۆنگرە ساز بدەین.

شەشەم: بڕیاری ئاڵوگۆڕ لە پۆست‌و ئۆرگانەكاندا، بەپێی پێویستی چارەسەركردنی كێشەكان‌و گەڕانەوەی سەنگ بۆ مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی، زوو جێبەجێ‌ بكرێ‌.

بەرێزان!
بۆئەوەی كاریگەری ئەو دیاردەو دەركەوتە دزێوانە، وردتر بزانن، هەتا نوسینی ئەم نامەیە (28%)ی دەنگدەری ناوچەكانی خۆمان، ناویان لە بایۆمەتری هەڵبژاردندا تۆمار كردووە. زۆربەی ئەمانەش دەنگدەری یەكێتی نین. ئەم رێژە تۆماركردنە دەیسەلمێنێ‌ كە رای گشتی لەناخەوە لێمان تۆراون‌و سەرەنجامی گەندەڵی‌و گوزەرانی نالەباری ئابوری ناچن خۆیان تۆمار بكەن. حاڵیش وا بڕوات، ئەگەر جەماوەری یەكێتی، بەكردەوە ئاشتنەكرێنەوە، بەدڵنیاییەوە (18) كورسیەكەی هەڵبژاردنی پێشوش ناهێنینەوە. تەواوی زانیاریەكانیش پێماندەڵێن: لەپارێزگای كەركوكدا كە لەعێراق‌و كوردستاندا پارسەنگی یەكێتی بووە، رێژەی دەنگەكانمان دابەزیووە!

بەراشكاوی دەڵێم: تۆزقاڵێك باوەڕم بەوە نەماوە، لەكۆبونەوە ئاساییەكاندا بتوانین ئەو كێشانە چارەسەر بكەین. تاقە چەكی حیزبایتی دەستمان، هەتا بەستنی پلینیۆم‌و كۆنگرە، دۆزینەوەی ئالیەتی نوێی مەركەزیەتی ناو یەكێتی‌و جێبەجێكردنی پەیڕەوی ناوخۆیە. ئەویش دەسەڵات پێدانە بە هەیئەتێكی (3) بۆ (5) كەسی، كە بتوانێ‌ سیاسەتی سزاو چاودێریكردنی پێشێلكاران بەبێ دەستێوەردانی لاوەكی بسەپێنێ‌.

هەڤاڵان!
رێگەمان لەبەردەمدا نەماوە، جگە لە: مەركەزیت، چاودێریكردنی حكومەت‌و یەكێتی، سزاو پاداشت، دژایەتی گەندەڵكار‌و پێشێلكارانی پرنسیپەكانی یەكێتیەكەی مام جەلال‌و شەهیدان‌و تێكۆشەران.

لەكۆتاییشدا دەمەوێ‌ پێتان رابگەیەنم كە جگە لە چارەسەری كێشەكان، ئەویش لەرێگەی ئۆرگانە شەرعیەكانەوە، باوەڕم بە تەكەتول، یان بە دەسەڵاتی ناشەرعی، یاخود بە جیابونەوە، نییە. بەڵام دڵنیابن ناتوانم ببمە پاسەوانی ئەو دیاردە دزێوانەو ئامادەش نیم ئەوەی بەسەر خەڵكدا هات‌و ئەم كولەمەرگییەی دوچاری گەلەكەمان بووە، چیكە لەناو یەكێتیدا قبوڵ بكەم، لەكاتێكدا گومانم لە زانیاریەكانم لەسەر گەندەڵكار‌و ئەرزە فرۆشتن‌و كۆمپانیابازەكان‌و دزەكانی كوردستان‌و دەرەوەو بەغداد، نییە!!

لەگەڵ رێزی
هەڤاڵتان
مەلا بەختیار
2017/3/18

 

 

 

Back to top button