یەكێتی نەخشە رێگاكەی رادەستی پارتی كرد

خواكوڕك 

لەپاش كۆبوونەوەی هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی دا بەسەر پەرشتی سەرۆك مەسعود بارزانی  راگەیاندراوێكی هاوبەش بڵاو كرایەوە، لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە هه‌ر له‌م كۆبوونه‌یه‌دا هه‌ڤاڵانی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان نه‌خشه‌ڕێگای كه‌ ئاماده‌یانكردبوو پێشكه‌شی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانیان كرد و له‌كۆتایشدا بڕیاردرا كۆبوونه‌وه‌ هاوبه‌شه‌كان به‌رده‌وامبن”.

هەر لەبەشێكی راگەیاندراوەكەدا هاتووە، له‌ته‌وه‌ری چواره‌مدا، گفتوگۆ له‌سه‌ر كۆی كێشه‌ و گرفته‌ ناوخۆییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرا و ته‌ئكیدكرایه‌وه‌ له‌سه‌ر چڕكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانمان و به‌هاوبه‌شی خستنه‌گه‌ڕی هه‌موو وزه‌ و تواناكانمان بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگاچاره‌ و پاڵپشتی رێككاره‌ یاسایی و هه‌نگاوه‌كانی داموده‌زگا فه‌رمییه‌كان.

دەقی راگەیاندراوەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی

راگه‌یاندراوی كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان
له‌درێژه‌ی كۆبوونه‌وه‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوان یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێز سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌نجامدرا بۆ بڕیاردان و به‌دواداچوونی ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی پێشوو گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرابوو و لیژنه‌یان بۆ پێكهێنرابوو.
– له‌ته‌وه‌ری یه‌كه‌می كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، ئه‌و لیژنه‌یه‌ی كه‌ سه‌ردانی به‌غدای كردبوو، پوخته‌ی سه‌ردانه‌كه‌یان و ناوه‌رۆكی كۆبوونه‌وه‌كانیان له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان سه‌رۆك كۆماری عێڕاق و سه‌رۆكی په‌رله‌مان و سه‌رۆك وه‌زیران و هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێڕاق، خسته‌ڕوو. له‌ئه‌كامدا بڕیاردرا لیژنه‌یه‌كی باڵا به‌ڕاوێژكردن له‌ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كوردستان پێكبهێنرێت بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ هێزه‌ نیشتمانییه‌ عێڕاقییه‌كان سه‌باره‌ت به‌ داخوازی و كێشه‌كانی نێوانمان، به‌تایبه‌تی له‌م هه‌ل ومه‌رجه‌ی كه‌ خه‌ڵكی كوردستان هه‌نگاوده‌نێ‌ به‌ره‌و ریفراندۆم.
– له‌ ته‌وه‌ری دووه‌مدا، ئه‌و لیژنه‌یه‌ی كه‌ تایبه‌ت به‌ بابه‌تی ریفراندۆم راسپێردرابوو بۆ په‌یوه‌ندی و سه‌ردانی حزب و لایه‌نه‌ سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كوردستان، ناوه‌رۆكی كۆبوونه‌وه‌ و راو بۆچوونی لایه‌نه‌كانیان گه‌یانده‌ كۆبوونه‌وه‌، دوای شرۆڤه‌ و لێكدانه‌وه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی بیروبۆچوونه‌كانی كه‌ له‌و سه‌ردان و دیدارانه‌دا گه‌ڵاڵه‌ ببوون، كۆبوونه‌وه‌ بڕیاریدا هه‌نگاوی پێویست بنێ‌ بۆ پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنی پرۆسه‌ی ریفراندۆم و زه‌مینه‌سازی پێویست بۆ دابینكردنی پێداویستیه‌كانی پرۆسه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی.
– له‌ ته‌وه‌ری سێیه‌می كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، ناوه‌رۆكی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌و لیژنه‌یه‌ی كه‌ راسپێردرابوو بۆ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كونسڵ و نوێنه‌ری ده‌وڵه‌تان له‌ كوردستان بۆ ئاگاداركردنه‌وه‌یان له‌و هه‌وڵانه‌ی له‌ ئارادایه‌ بۆ پرۆسه‌ی ریفراندۆم، خرایه‌ به‌رباس و گفتوگۆی له‌ باره‌وه‌كرا و به‌ باش هه‌ڵسه‌نگێندرا كه‌ به‌سوپاسه‌وه‌ هه‌موویان به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌كه‌ ببوون.
– له‌ته‌وه‌ری چواره‌مدا، گفتوگۆ له‌سه‌ر كۆی كێشه‌ و گرفته‌ ناوخۆییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرا و ته‌ئكیدكرایه‌وه‌ له‌سه‌ر چڕكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانمان و به‌هاوبه‌شی خستنه‌گه‌ڕی هه‌موو وزه‌ و تواناكانمان بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگاچاره‌ و پاڵپشتی رێككاره‌ یاسایی و هه‌نگاوه‌كانی داموده‌زگا فه‌رمییه‌كان.
– له‌ ته‌وه‌رێكیتردا، كۆبوونه‌وه‌ داوایه‌كی ئاراسته‌ی كه‌سوكاری شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌ نه‌به‌زه‌كان و هه‌موو هێز و لایه‌نه‌ سیاسی و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و میدیاكاران و ته‌واوی گه‌لی كوردستان كرد، كه‌ له‌م پرۆسه‌ گرینگ و نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌دا هاوكار و پاڵپشت بن.
– شایه‌نی باسه‌ هه‌ر له‌م كۆبوونه‌یه‌دا هه‌ڤاڵانی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان نه‌خشه‌ڕێگای كه‌ ئاماده‌یانكردبوو پێشكه‌شی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانیان كرد و له‌كۆتایشدا بڕیاردرا كۆبوونه‌وه‌ هاوبه‌شه‌كان به‌رده‌وامبن.
یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان

پارتی دیموكراتی كوردستان
11/4/2017

Back to top button