رێکەوتنى یەکیەتى نیشتمانى کوردستان و بزوتنەوەى گۆڕان چەند سەرنجێک
ئەندازیار عمر حاجى عنایت
هەرچەندە سەنجى ئێجگار زۆرم لەسەر ئەم رێکەوتنە هەیە، بەڵام بێدەنگیم هەڵبژارد، ئەوە یەکەم جارە لەبارەى ئەم رێکەوتنەوە بنوسم، چاوەڕێی ئەنجامەکەم کرد، بەو هیوایەى ئەنجامێکى پۆزەتیڤ بدات بەدەستەوە و هێشتاش هەر چاوەڕێم، پێش رێکەوتنەکە من بارى سەرنجى خۆمم لە 12 خاڵدا رونکردەوە، بەڵام دواى رێکەوتنەکە هیچم نەوتوە و نەنوسیوە، ئێستاش هەندێ سەرنج ئەنوسم بەبێ توانج (کۆمێنت) ى خۆم. تەنها ئەوە ئەنوسم کە لەم ماوەیەدا رویداوە و هەستم پێکردوە.
رێکەوتنى یەکیەتى و گۆڕان بەم شێوەیە دەبینم:-
– زۆرینەى کادیر و ئەندام و لایەنگرانى یەکیەتى بەم رێکەوتنە قایلن و پێیان باشە
– زۆرینەى سەرکردایەتى بزوتنەوەى گۆڕان (جڤاتى نیشتمانى و جڤاتى گشتی) پێی رازین
– ناڕازى لەسەر ئەم رێکەوتنە لە سەرکردایەتى یەکیەتى هەیە
– ناڕازى لەناو هەڵسوڕاو و لایەنگرانى بزوتنەوەى گۆڕانیشدا لەسەر رێکەوتنەکە هەیە
رۆژى 17 ى مایسى 2016 رێکەوتنەکە لە دەباشان و لە ماڵى مام جەلال بە چاودێرى مام جەلال، لەلایەن رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان (نەوشیروان مستەفا) و جێگرى یەکەمى یەکیەتى (کۆسرەت رەسوڵ) واژۆ کرا، لەهەمان رۆژدا لە شارى جوان بە ئامادەبونى ژمارەیەکى بەرچاو لە کەسە دیارەکانى هەردولا واژۆکرا.
بەکرداریکردنى ئەم ریکەوتنە لەلایەن لیژنەیەکى هاوبەشەوەیە لەهەردولا و کەسی یەکەمى هەردولا لە لیژنەکەدان، دواى نزیکەى سێ مانگ لە واژۆکردنى ئەم رێکەوتنە ئەو دوو ئامانجەى کە چاوەڕێی بوین نەهاتەدى، دوو ئامانجەکەش بریتیبون لە
– دەرچون لە چەقبەستنى سیاسی
– قورتاربون لە قەیرانى دارایی و بێ موچەیی و بێ پڕۆژەیی
دواى واژۆ کردنى رێکەوتنەکە هەردولا ووتیان بە شاندى هاوبەش سەردانى لایەنەکان دەکەین، بەڵام پارتى ئەمەى قەبوڵ نەکرد و شاندی یەکیەتى بە جیا سەردانى پارتیان کرد و بزوتنەوەى گۆڕانى بە جێهێشت.
لە 15/7/20016 وە شاندى مەسعود بارزانى دەستیکردوە بەسەردانى لایەنەکان، لەسەرەتاوە وتەبێژى گۆڕان وتى پێکەوە پێشوازى لێدەکەین، بەڵام قسەکەرەکەى یەکیەتى وتى بە تەنها و پێکەوەش پێشوازى لێدەکەین و دواجار بە جیا پێشوازیان لێکرد.
رۆژى 7/8/2016 شاندێکى یەکیەت بەبێ گۆڕان سەردانى ئێرانى کرد.
ئەمانەى سەرەوە ئاماژە گەلێکن کە ناکرێت دواى نزیکەى سێ مانگ لە واژۆکردنى رێکەوتنەکە نادیدەیان بگرین، ئەوەشمان پێدەڵێن کە میکانیزمى رێکەوتنەکە وەک پێویست بەرەوپێش ناچێت، سەرکردایەتى یەکیەتى تا ئێستا، وەک لایەنێکى نیوانگیرى گۆڕان و پارتى هەڵسوکەوت دەکەن و کاریگەرى رێکەوتنە ستراتیجیەکەیان لەگەڵ پارتی پێوە دیارە و دەیانەوێ هاوسەنگى رابگرن و خۆیان ساغنەکەنەوە بەلایەکدا.
ئەوەشمان لە یاد نەچێت کە پارتى بە هەمو شێوەیەک هەوڵ ئەدات ئەم رێکەوتنە جێ نەگرێ و ئەگەر جێشى گرت سنورى سلێمانى تێنەپەڕێنێ.
ئەندازیار عمر حاجى عنایت
ئەندامى پارلەمانى کوردستان
7/8/2016