ترس لە ئازادی

 مەسعود مەلا پەروێز
ئەرێ پێم ناڵێن ئازادی و سەربەخۆیی ترسی بۆ چیە ؟ ئەم بڕوبیانووە لە کوێ دەهێنن بۆ مانەوە لە ژێر دەستەیی و ژێر چەپۆکی ، کە دەڵێن ئێستا کاتی ئازادی نیە و دەرفەتی سەربەخۆیی نیە ، کاتێک دەڵێن دەوروبەری ئێمە هەموو دوژمنە و بە پیلانن لێمان ، کە سەربەخۆیی بە گوریسی هەندێ بابەتی لاوەکی کۆد و بەند دەکەن ، ئەوانە هەمووی بڕوبیانووی هیچ و بەتاڵن ، ئەو هەموو گومانە چیە دروستی دەکەن ؟
دەتانەوێت چی بەم نەتەوە چەوساوە و زوڵم لێکراوە بڵێن ؟
دەتانەوێت هەروا بمێنن و داگیرکراوی ژێر دەستی نەتەوە دواکەوتووەکانی تر بن ؟
لە ڕاستیدا هەموو کات بۆ نەتەوەی کورد کاتێکی گوونجاو بووە بۆ سەربەخۆیی و ئازادی بۆیە هەمیشە ئاگری شۆڕشی گڕ بووە ، هەمیشە ئەم نەتەوەیە قوربانی داوە بۆ ئەوەی بگات بە سەربەخۆیی یان ئەوەتا ئێوەی بیانوو دروستکەر و گومانتان لە قوربانیەکانیشە ؟
کورد بۆیە چەکی پێشمەرگایەتی لە شان کرد بۆ ئەوەی سەربەست و سەرفرازبێت ، پێم ناڵێن کەی دەورووبەرمان چۆڵ بووە لە دوژمن داگیرکەران ئەدی چ کاتێک بێ پیلان بوونە دژی ئێمە ؟
خۆ کاتێک پەرلەمان و حکومەتی هەرێم راگەیەندرا و بووە ڕاستیەک ئەو دوژمنانە هەر ئەم دوژمنانەی ئێستا بوون ، ئێستا کاتی سەربەخۆیی هاتووە دەبێ ئێوەش ئەو ترسە لە ناخی خۆتان دەرکەن و لەگەڵ کاروانی ئازادیدا بن چونکە ئەوەی بەجێ بمێنێت بە کۆیلەیی دەمێنێتەوە و تەنها کۆیلەیش ترسی لە سەربەخۆیە ، چونکە کۆیلە هەست بەکەسایەتی و سەربەخۆیی خۆی ناکات ، کۆیلە مەبن ترستان لە سەربەخۆیی نەبێت
Back to top button