له‌مساڵدا هه‌رێمی كوردستان بۆ راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی ریفراندۆم ئه‌نجام ده‌دات،

خواكوڕك 

مەسرورو بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی كوردستان، ئەمرۆ 12ی 4ی 2017 له‌ میانه‌ی پێشوازیكردنی له‌ تۆبیاس ئیلوۆد وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكوری ئه‌فریقیا له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا و شاندی یاوه‌ری رایگه‌یاند: “تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش ده‌رفه‌ته‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنێكی درێژخایه‌ن و واقیعیانه‌ی ته‌واوی كێشه‌ كۆن و نوێكانی عێراق، هەر له‌ دیدارێكدا كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی فرانك بێكه‌ر باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق و كاروان جه‌مال نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌ریتانیا به‌ڕێوه‌چوو، په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌ریتانیا و په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كان و قۆناغی دوای داعش له‌ عێراق تاتوێكرا.
له‌ دیداره‌كه‌دا دووپات له‌ بایه‌خی به‌رده‌وامی كاری هاوبه‌ش بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ سیاسیه‌كانی به‌ر له‌ شه‌ڕی داعش كرایه‌وه‌. له‌وباره‌وه‌ مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌ نه‌بوونی متمانه‌ له‌نێوان پێكهاته‌كان دا و رایگه‌یاند، گه‌وره‌ترین كێشه‌ی عێراق نه‌بوونی متمانه‌یه‌، به‌ڵام تێكشكاندنی داعش ده‌رفه‌تێكی له‌بار ده‌ڕه‌خسێنی بۆ ده‌ستكردن به‌ چاره‌سه‌ركردنی واقیعیانه‌ و درێژخایه‌نی سه‌رجه‌م كێشه‌ كۆن و نوێكانی عێراق.
هەروەها له‌به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ گفتوگۆ له‌باره‌ی كێشه‌ و پێشكه‌وتنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرا، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی له‌ مافه‌كانی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند: “له‌مساڵدا هه‌رێمی كوردستان بۆ راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی ریفراندۆم ئه‌نجام ده‌دات، چونكه‌ كاتی هاتووه‌ هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان گوێ له‌ داوای خه‌ڵكی خۆیان بگرن”.
له‌لای خۆیه‌وه‌ وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكوری ئه‌فریقیا له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا ئاماژه‌ی به‌ بڕیاری حكوومه‌تی به‌ریتانیا دا، كه‌ له‌ پێشكه‌شكردنی پشتیوانی سه‌ربازی بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت و هه‌نگاوه‌كانی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و چاكسازی له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ گرینگ ده‌زانێ و ڕایگه‌یاند” ده‌كرێ هه‌رێمی كوردستان نموونه‌یه‌كی گه‌شاوی دیموكراسی بێت”.
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا دووپات له‌ به‌هێزكردن و پته‌وكردنی په‌یوه‌ندی و دۆستایه‌تی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌ریتانیا له‌ شه‌ڕی جیهانی تیرۆریزم كرایه‌وه‌.

Back to top button