وەڵامێک بۆ جميل بایک:دەبینین چۆن بەسەری شۆڕو تێکشکاوی دەردەکرێن

چاودێرێك
جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، لەگفتو گۆیەکیدا لەگەڵ (ماڵپەڕی مۆنیتۆر)ی ئەمریکی زیاتر لە جارێک زۆر بە ڕاشکاوی باس لە بنەماکانی ئایدۆلۆژیایی پەکەکە دەکات کە ئایدۆلۆژیایەکی توندڕۆیە، ئایدۆلۆژیایەک کەلەسەر هەندێ بنەمای زۆر جیاواز لەیەکدیدا دامەزراوەو گوزارشت لە بەرژەوەندی کوردو کوردستان و وڵات ناکات، هەربۆیەش ئەو سیاسەتەی کە لەو ئایدۆلۆژیایەوە هەڵدەقوڵێت سیاسەتێکی گرژو تەنگ و چەڵەمە خوڵقێنە و دەگەڕێ بەدوای بازاڕی گەرمی تەنگ و چەلەمەدا.
هەروەک لەو گفتوگۆیەی جەمیل بایکدا دەردەکەوێت ئەو ئایدۆلۆژیایە پاڵیان پێوەدەنێت کە زیاتر لەجاران لە بەرژەوەندیەکانی وڵات و بزوتنەوەی نەتەوەیی کورد دووربکەوننەوەو ئینکاری بکەن، هەرئەوەش بوو کەوایکرد پەکەکە لەباکوور بدوڕێن و لەڕۆژئاوای کوردستانیش خەریکە دەدۆڕێن، لەئێستاشدا کە کوردستان لەسەرو بەندی ئەوەدایە بەرەو سەربەخۆیی بڕوات هەروەک بایک باسی دەکات لەگەڵ ئێران و هەموو ناحەزانی کورد یەکیانگرتووەو بەدوای خولقاندنی کێشەدا بۆ هەرێمی کوردستان دەگەڕێن، بەئاشکراش دەڵێن:”ئێمە سنوور ناناسین”و پرسی دەوڵەتی سەربەخۆ و نەتەوەییشیان بەلاوە ناوە.
پەکەکە ئایدۆلۆژیایی چەپەکانی ئەوروپاو ئەمریکا کەلەهەموو جیهان باو بازاڕی نەماوەو بەسەرچووە وەریانگرتووەو هێناویانە گوایە بە خۆسەری دیموکراتیک هەموو گەلان بەیەکەوە کۆدەکەنەوە، لەوەشدا مافی کوردو هاوڵاتیانی دیکەی غەیرە کوردیش لەناوکوردستان ئەگەر بەدەستیان بێت لەناوی دەبەن بۆئەوەی مۆدێلێکی نوێ ئایدۆلۆژیا فاشیلەکەی خۆیان تاقی بکەنەوە هەروەک چۆن لەباکوور تاقیانکردەوە.
جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە لەوگفتۆگۆیەیدا کەباسی شنگالیەکان و ئیزیدیەکانیش دەکات، ئاشکرای دەکات کە #شنگال پاشکشە ناکەن، هەروەها بەئاشکرا دەڵێت هەر شەڕێک لەوێ ڕووبدات شەڕی ناوخۆ و شەڕی براکوژی و شەڕی #کورد و کوردیش نیە، ئەوەش بەوماناییە کە سەرانی پەکەکە تائاستی ئامادەبوون خۆیان بۆ شەڕو لەناوبردنی ئەزموونی کوردستان ئامادەکردووە.
ئەوسیاسەتەی جەمیل #بایک کۆتاییەکەی تەنهاو تەنها تێکشکانە، چونکە ئەوان لەهیچ شوێنێک سەرکەوتنیان بەدەست نەهێناوە، ئەوەتا لەباکوور بینیمان چۆن شارەکانیان لەخوێندا غەرقکردو بەوپەڕی تێکشکانەوە سەری خۆیان شۆڕکردو هاتنەوە #قندیل، لەڕۆژئاوای کوردستانیش بەڕێککەوتن لەگەڵ ئێران و ڕژێمی سوریا شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستانیان وەرگرت و هەموو نیشتیمان پەروەرانیان لەشارەکان دەرکردو ئیستاش شەو ڕۆژ لە ڕۆژئاوای کوردستان خەریکی نانەوەی کێشەن بۆ هەرێمی کوردستان، خۆئەگەر سەرۆک #بارزانی و هەرێمی کوردستانیش نەبووایە ئەوهاوکارییە نێودەوڵەتیە زەمینەی بۆدروست نەدەبوو کە ئیستا لەبەرامبەر #داعش و هێزەکانی دیکەی توندڕۆیی بۆ(پەیەدە)دەکرێت کە لەڕاستیدا هەر پەکەکەیە.
پێکهاتەی یەزیدی پێکهاتەیەکی بریندارن لەناو هەرێمی کوردستان و پەکەکەش زۆر بێ ئینسافانە ئەوێی کردۆتە شوێنی کێشەنانەوە بۆئەوەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەئاسانی نەتوانێ دەست بۆ #پەکەکە درێژبکات، چونکە بۆی هەیە ئەوکات خۆیان لەپەنای ئێزیدییەکان حەشاربدەن و دونیا وەها حاڵی بکەن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پەلاماری ئێزیدییەکان دەدات، بەڵام ئەو سیاسەتە فێڵاویە نایخوات و سەرەنجام ڕێگای خوارو ڕێگای لادان لەبەرژەوەندییەکانی نیشتیمان بەرەو هەڵدێر دەچێ.
سیاسەتی هەرێمی کوردستان و سیاسەتی سەرۆکی کوردستان سیاسەتێکی نیشتیمانیانەی واقیع بینە، سەرەنجام ئەگەر پەکەکە نەگەڕێتەوە بۆی زەرەری تێدا دەکات، ڕاستە بەوەش خەڵکی ناوچەکە ئازاریان دەبێت، بەڵام ئەوە #pkk يه دەبێت ئەوکات تەحەمولی بەرپرسیاریەتی ئەو ئازاردانە بکات، ئەوکات دونیاش ڕێگا و پەنجەرەکانی بۆ دەبێتەوە تاوەکو ڕاستی ناوچەی شنگال و دەستتێوەردانەکانی پەکەکەو هاوکارەکانی و لایەنگرانی ئێرانی و حەشدی شەعبی لەوناوچەیەدا بۆنانەوەی ئاژاوە بەباشی ببینن و هاوکاری #کوردستان و هاوکاری ئێزیدیەکانی شنگالیش بکەن بۆئەوەی کە ئەوبەڵایە لەناوخۆیان دەرکەنە دەرەوە، بەڵێ لەوێش و لەشوێنەکانی تری کوردستانیش جەمیل بایک و حزبەکەی دەبینین کە چۆن بەسەری شۆڕو تێکشکاوی دەردەکرێن.

Back to top button