شیعە دژ بە مانەوەی ئەسەد لە دەسەڵات هاتنەدەنگ

خواكوڕك
دوای لێدوانێكی رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، پرسی لەكارلادانی سەرۆكی سووریا بەدەست گەلانی سووریایە، داواشی لە سەرۆكی سووریا كرد دەسەڵات جێبێڵێ‌ بۆ ئەوەی چارەنووسی وەكو سەرۆكی پێشووی لیبیا نەبێت.

لەوەڵامی یەكێك لە لایەنگرانی سەبارەت بە لەكارلادانی سەرۆكی سووریا، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر گوتی “لە پێناو پاراستنی ئابڕووی بەشار ئەسەدی سەرۆكی سووریا داوام كردووە دەسەڵات جێبهێڵێت،‌ بۆ ئەوەی چارەنووسی هاوشێوەی موعەمەر قەزافی، سەرۆكی پێشووی لیبیا نەبێت”.

موقتەدا سەدر دەڵێت “تەنها داوای لەكارلادانی بەشار ئەسەدم نەكردووە، پێشتریش داوای لەكارلادانی عەبد رەبە مەنسوور هادی و حاكمی بەحرەین-م كردووە، چونكە بەتۆمەتی تیرۆر و كردەوەی نامرۆییانە گەلەكانیان سەركوت دەكەن. پێویستە جیهان گەلانی یەمەن، بەحرەین، سووریا لەو دۆخەی تێیكەوتوون، رزگاربكات، بە پێچەوانەوە رەوشەكە دەگاتە ئاستێك، لەدەست دەردەچێت”.

سەدر گوتیشی “لەكارلادانی بەشار ئەسەد و مانەوەی بەدەست گەلانی سووریایە، پێشموایە ئەوە چارەسەرێكی گونجاوە بۆ كۆتاییهێنان بە كێشە و نەهامەتییەكانی گەلانی سووریا”.

رۆژی شەممە 9-4-2017 موقتەدا سەدر هۆشداری دایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا كە لە سووریا خۆی لە شەڕێكی هاوشێوەی شەڕی ڤێتنام نەگلێنێ‌، هەروەها داواشی لە بەشار ئەسەدی سەرۆكی سووریا كرد، پێش ئەوەی كار لەكار بترازێ، دەستلەكار بكێشێتەوە”.

Back to top button