جارێك تەنازول بۆ كاك نەوشیروان بكەن
ئاسۆ حاجی
نەخواردنەوەی چایێك لەگەڵ كاك نەوشیروان مستەفا كێشەكانی تەقاندەوە ،ئەوڕۆ بە خواردنەوەی چایێك دەكرێ كۆتایی بەو عینادە سیاسیە بهێندرێ و تواناكان لە پێناو ئامانجێكی گەورەتر یەكبخرێن.
نەوشیروان مستەفا لە تەمەنی سیاسی خۆیدا ئەوەی سەڵماندوە كە چەند زوو دڵی دەشكێ و زویر دەبێ و چەندەش عینادە و بە مردنی خۆی دەچیتە بەرێ بەڵام بە تەنازولكردن بۆ نەیارانی نا، ئەوەندەش دڵی باشە و زووش چاك دەبێتەوە،دەیان ئەزموونی لەو شێوەیەی لەگەڵ مام جەلال هەیە و دەكرێ كاك مەسعود بە روحیەتی مام جەلال و پەرۆشی بۆ ئایندەی هەرێمی كوردستان كەلك لەو ئەزموونانەی مام جەلال وەرگرێ.
پێویست ناكا جەنابی سەرۆك چاوەڕوانی ئەوەبێ یەكێتی لە ڕێگای پڕۆژەیێك بە هاوبەشی لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی هەوڵی هێنانە سەرخەتی گۆڕان بدەن لە پێناو كاراكردنەوەی پەڕلەمان جار هەر چۆنێك بێ.
ئێستا كە كات لە بەرژەوەندی كوردستان نیە و پێویستە هەنگاوەكانی گەیشتن بە سەربەخۆیی خێراتر بكەین ،پێویستە سەرۆك لە هەواڵ پرسینێكی كاك نەوشیروانەوە دەست پێ بكا و پاشانیش لەگەڵ ئەو ڕاستەوخۆ قسە لە چۆنیەتی چارەسەركردنی گرفتەكان بكەن بە تایبەتیش كە كاك نەوشیروان ئەزمونێكی سەركەوتوی كاركردنی لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەیە كە لە سەردەمی ڕاپەڕین وەك جێگری بارزانی سەرپەرشتی ڕاپەڕینی دەكرد.
دڵنیام لە ناو پارتی و ڕەنگە لە نزیك سەرۆكیش ئەو دەنگانە هەبن كە كارێكی لەو شێوەیە بە تەنازولكردن دابنێن و دەكرێ واش بێ ئەوە تەنازول بێ بۆ نەوشیروان مستەفا بەڵام هەق وایە سەرۆك هانبدرێ ئەو تەنازولە بكات بۆ برایێكی خۆی و لە پێناو گەل و وڵات كە بە دڵنیایەوە دەرئەنجامەكەی دوورینەوەی شانازی و نووسینەوەی مێژووێكی تژی لە سەرفرازیە.
سێ ساڵی ڕابردوو ئەزمونێكی خراپمان لە بەغدا تاقیكردەوە لە قۆڵبادانی یەكتر و تنازولكردن بۆ داگیركەران لە پێناو بە زەوی دادانی پشتی یەكتر،لە ئەنجامدا بەوە گەیشتین كە ”بێگانە یەك مەیدانە” زانیشمان دەنگە نەشازەكانمان چۆن ئیستغلال دەكرێن و لە دژی كوردستان و پرسی سەربەخۆیی بەكاردەهێندرێن ئاڵا تاڵەبانی و هوشیار عەبدوللا و هاوبۆچوونەكانیان باشترین نمونەیان پێشكەشكردین.
بۆ قۆناغی ئێستا كاراكردنەوەی پەڕلەمان لە مانەوە یان لادانی یوسف محەمەد گەورەترە، بەرەو پێشبردنی پرسی سەربەخۆیی لە بەرژەوەندی حزبی و عینادی شەخسی گەورەترە، بۆیە سەرۆك كە خاوەنی هزری سەربەخۆییە و ئێستا پێشمەرگەیێكی ئەو دۆزەیە پێویستە بە گیانێكی پێشمەرگانە و لە پێگەی باوكایەتی و برا گەورایەتی تەماشای هەمووان بكا، دەبی جێگای هەمووان لە ژێر سێبەری ئەو وەك سەرۆكی هەرێم ببێتەوە و دەنگی ئەو لە هەمووان بیستراوتربێ و گوێشی لە دەنگی هەمووان بێ تەنانەت ئەوانەش كە دژایەتی كردنی ئەویان لا پیرۆزترین ئامانجە.
نەوشیروان مستەفا كە لە دۆخێكی یەكجار خراپی تەندروستی دایە و پیری و ماندووێتی ژیان تەنگیان پێ هەڵچنیوە شایەنی ئەوەیە جارێك تەنازولی بۆ بكرێ و هانبدرێ كە بەشێك بێت لە چارەسەر نەك گرفت دروستكەر،دڵنیاشم ئەنجامی هەر قسەكردنێك ڕاستەوخۆ لەگەڵ كاك نەوشیروان. باشتر دەبێ لە ئەنجامی گفتوگۆكردن لەگەڵ نوێنەرەكانی،چونكە ئەو لایەنی كەم ساردی و گەرمی و برسیەتی و نەبوونی سەردەمی پێشمەرگایەتی وەبیرە كە بۆ كوردستانی كردوە و ئەوەی ئەمڕۆش ئەگەر بیكا هەر بۆ كوردستان دەبێ.