پەكەكە هەڕەشە لە هێزە ئەمنیەكانی سلێمانی دەكات

خواكوڕك

دوای تێپەڕینی سالێك بەسەر كوشتنی فەرماندەیەكی پەكەكە لە سنوری پێنجوێن ، ئێوارەی ئەمڕۆ لەهۆڵی بۆنەكانی قەزای پێنجوێن، لەلایەن پارتی كرێكارانی كوردستان (PKK) مەراسیمێك بەڕێوەچوو، تیایدا ئەندامێكی دەستەی سیاسی (پژاك) و هاوكات بنەماڵەی فەرماندە كوژراوەكە، رەخنەی توند لەهێزە ئەمنییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەگرن.
“هەڤاڵ قەندیل”، كوڕە گەورەی كەمالە خڕەی پێنجوێنی كە پارساڵ كوژراوە لە مەراسیمەكە هاوكات بۆمیدیاكانی راگەیاندووە :” دوای ساڵێك لەكوشتنی كەمال سادق ناسراو بەكەمالە خڕەی پێنجوێن، هێشتا هیچ شتێك لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ناوچەكە و سنووری پارێزگای سلێمانی بەئێمە وەك بنەماڵەی كوژراوەكە نەگوتراوە”.
كوڕی فەرماندەكەی پەكەكە گوتیشی:” چەند كەسێك لەسەر كوشتی باوكمان لەئاسایشی سلێمانی گیراون، بەڵام هەر جارە و بەپاساوێك ڕاستیەكانمان لێدەشارنەوە، بەتایبەتیش دادوەر نایەوێت لەسەر ئەو كەیسە، هیچ شتێك بۆ ئێمە و ڕای گشتی ئاشكرا بكرێت”.
هەر بەو بۆنەیەوە “هاوژین نوری”، یەكێك لەئەندامانی دەستەی سیاسی پژاك بە مالپەڕی (باسنیوز) راگەیاندووە، دوای ساڵێك وەك پژاك زۆر نیگەرانن كە هێشتا هیچ زانیارییەك بۆ ڕای گشتی لەلایەن دادوەر و ئاسایشی پارێزگای سلێمانییەوە، ئاشكرا نەكراوە.
ئەو ئەندامەی پەكەكە هەڕەشەی لە هێزە ئەمنیەكانی سلێمانی كردووەو گوتویەتی:” ئەگەر ڕاستیەكان بۆ ڕای گشتی ئاشكرا نەكرێن، كە دەستی ئیتڵاعاتی ئێرانی تێدایە و هەندێ كەسی ناوخۆیی هەرێمی كوردستانیش دەستیان تیادا هەبووە، ئەوا لەداهاتوودا هەڵوێستی زۆر توندیان دەبێت”

Back to top button