حكومهتی ههرێمی:خزمهتكردنی كهس و كاری ئهنفال و قوربانیان ئهركی سهرشانمانه

خواكوڕك
حكومهتی ههرێمی كوردستان له یادی 29 ساڵهی ئهنفالی گهلی كوردستان له سهرجهم ناوچهكانی كوردستان پهیامێكی بڵاوكردهوه رایگهیاند:خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان و قوربانیانی گەلی کوردستان بە یەکێک لە سەرەکیترین ئەرکەکانی خۆی دەزانێ و هەرچی لە توانادا بێت بۆ ئەو مەبەستە پیرۆزە، درێخی ناکات”.
دهقی بهیاننامهكه:-
بیست و نۆ ساڵ بهسهر شاڵاوی بەدناوی ئەنفالدا تێدهپهڕێت کە لەسەر دەستی ڕژێمی شۆفێنیستی بەعس دەرهەق بە گەل و خاکی کوردستان ئەنجام درا و بە پلانێکی نامرۆڤانە و دوور لە هەموو عورف و بەهایەکی ئەخلاقی، بەمەبەستی پاکتاوی نەژادی، لە زنجیرە هەڵمەتێکی سەربازیی دڕندانەدا، هاووڵاتیانى سڤیلى کوردستانیان کردە ئامانج و نزیکەی ١٨٢ هەزار کەسی بێتاوانیان شوێنبزر کرد و لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی بیابیاندا کۆمەڵکوژیان کردن، وێڕای وێرانکردنی هەزاران گوند و بەسووتماککردنی بەشێکی بەرچاوی خاکی کوردستان و بەتاڵانبردنی سهروهت و سامانى كوردستانییان.
لهپاش ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە یەکێک لە خەم و ئەرکە لهپێشهكانى حکوومەتی هەرێمى كوردستان هەوڵدانی بەردەوامی بووە بۆ دۆزینەوە و گێڕانەوەی ڕوفاتی شەهیدانى ئهنفال و خزمەتکردنی کەسوکارە سەربەرزەکانیان کە لە ئاکامی ئەو کارەساتەدا دووچاری چەندین کێشە و گرفتی دەروونی و کۆمەڵایەتی بوون. هێشتا زۆری تر ماوە لەو پێناوەدا ئەنجام بدرێت و حکوومەتی کوردستان کە بەرهەمی خوێن و قوربانیی گەلى كوردستانه، خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان و قوربانیانی گەلی کوردستان بە یەکێک لە سەرەکیترین ئەرکەکانی خۆی دەزانێ و هەرچی لە توانادا بێت بۆ ئەو مەبەستە پیرۆزە، درێخی ناکات.
جێگەی داخە کە تا ئێستا حکوومەتی عیراقی دوای ڕژێمی بەعس دەرهەق بەم کارەساتە نەیتوانیوە لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بێت و نە لە ڕووی مادی و نە لە ڕووی مەعنەوییەوە قەرەبووی کەسوکاری ئەنفالکراوان نهكراوهتهوه.
ئەمڕۆ لە کاتێکدا یادی ئەم کارەساتە دەکەینەوە گەلەکەمان خۆڕاگرانە لەبەردەم شاڵاوێکی دیکەی ئهنفال و جینۆسایددا وەستاوە کە شاڵاوی ڕەشی داعشە و بە گهواهیى هەموو جیهان، به قارهمانیهتیى پێشمهرگه، سەروەریەکی مێژووییی مەزن تۆمار دەکات. ئەگەرچی شاڵاوی ڕەشی تیرۆریستان بە هەمان مەبەستی پاکتاوی نەژادیی بەعسییان و لەژێر ناونیشانێکی دیكهدا شنگالی ئازیز و کوردانی ئێزدی و پێكهاته نهتهوهیى و ئاینییهكانى دیكهى كوردستانى كرده ئامانج، بەڵام دواجار لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و ڕۆڵەکانی شنگال و بە هاوکاریی هاوپەیمانان، جگە لە مەرگ و سەرشۆڕی هیچیتریان پێنەبڕا.
کوردستانیانی خۆشەویست،
پیلانی دوژمنکارانەی ناحەزان لە بەعس و داعش و هاوشێوەکانیان هەرچیەک و هەرچۆنێک بن، قارهمانیهتیى پێشمهرگه و هێزه ئهمنییهكان و خۆبهخشان، خۆڕاگری و یەکڕیزی و هاوسەنگەریی لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتە جیاجیاکانی کوردستان، پتەوترین قەڵا و قەڵغانی گەل و خاکەکەمانە. گەلی کوردستانیش چیدی تەنیا و لە دنیایەکی تەریکدا نیە و خاوەنی دۆست و هاوپەیمانی بەهێزە لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهانیش.
تەبایی و پێکەوەکارکردن و ڕێکخستنەوەی نێوماڵی کوردستانی بە هاوبەشیی هەموو هێزە سیاسی و مەدەنی و توانا جیاکانی کۆمەڵگای کوردستان، بەهێزترین پشتیوان و پاڵهێزە بۆ ڕێگری لە هەر پیلان و ملهوڕییەکی ناحەزان بۆ سەر گەل و خاکی کوردستان.
وەک چۆن دواى داڕووخانی بەعسی ئەنفالچى، حکوومەتێکی یەکگرتووی بەهێز و تەبایی و یەکڕیزییەکی مێژووییی گهلى كوردستان، بووە سیمای ئەو قۆناغە پرشنگدارەمان، ئێستاش کە دەستپێکی قۆناغی دواى داعشە، ئەو بەرپرسیارێتیە لە ئەستۆی هەموو لایەن و پێکهاتەکانی کوردستاندایە کە لە چێکردنی زەمینەی تەبایی و یەکڕیزی و سیمایەکی ڕۆشن و مژدەبەخشدا له قۆناغی دواى داعش بۆ گەل و نیشتیمانەکەمان، بەشدار بن.
دروود بۆ شههیدانى شاڵاوی ئەنفالە بهدناوهکان و تهواوى شەهیدانی کوردستان.
سهرفرازى و سهركهوتنى یهكجارى بۆ گهلى كوردستان.
ئەنجومەنی وەزیرانی ههرێمى کوردستان
١٤/٤/٢٠١٧