عێراق توانای دابین كردنی پاره‌ی جوتیارانی نیه‌

خواكوڕك

پەرلەمانی عێراق له‌ 29-7-2016 ، حكومەتی عێراقی راسپارد، لەماوەی 10 رۆژدا بڕی سێ تریلیۆن دینار بۆ پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی كوردستان‌و ناوچەكانی تری عێراق خەرج بكات.
فازڵ نەبی، بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق، ڕایگه‌یاند، بەدڵنیایە توانای دابینكردنی ئەو پارەیەمان نییە، ئەوانەی ئەو بڕیارانە بۆ ئێمە دەردەکەن، با بێن لەشوێنی ئێمە دابنیشن‌و ئەو پارەیە پەیداكەن.
له‌ ئێستادا ئه‌و ماوه‌یه‌ به‌سه‌ر چووه‌ و تا ئێستا حكومه‌ت هیچ هه‌نگاوێكی بۆ دابین كردنی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ نه‌ناوه‌ و په‌رله‌مانی ئه‌و ووڵاته‌ش بێ ده‌نگی هه‌ڵبژاردووه‌.
پێشتر بەختیار شاوەیس، ئه‌ندامی‌ پەرلەمانی عێراق، رایگەیاندبو، ئەگەر تا 10 رۆژیتر پارەی گەنمی جوتیاران خەرج نەكرێت، ئەوا دەبێت حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران‌و هۆشیار زێباری وەزیری دارایی عێراق‌و وەزیری بارزگانی‌و پارێزگاری بانكی ناوەندی بێنە پەرلەمان لەبارەی خەرجنەكردنی پارەكەوە رونكردنەوە بدەن.
حکومەتی عێراق بڕی 2 تریلیۆن‌و 200 ملیار دینار قەرزاری جوتیارانە، له‌و بڕه‌ش 946 ملیار دیناری‌ پارەی جوتیارانی عێراقه‌ به‌گشتی و ته‌نیا قه‌رزی جوتیارانی هه‌رێمی كوردستان له‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ 600 ملیار دیناره‌.

Back to top button