پەیامێك لە سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە

خواكوڕك 

مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا لە ساڵیادی ئەنفاڵدا پەیامێكی بڵاو كردەوە لە پەیامەكاندا،ئەنفال پەڵەیەكی شەرمەزارییە لەسەر تەوێڵی دوژمنان و جیهان و برینێکی بەئازاریشە بە جەستەیی مرۆڤایەتی، بەتایبەتییش ئەوانەی لەبەرانبەر ئەم كارەساتەدا بێدەنگییان هەڵبژارد. پێویستە هەوڵەكانی بەجینۆساید ناساندی ئەنفال لەسەر ئاستی جیهانی بەردەوام بن و بگەنە ئەنجام.

دەقی پەیامەكەی بارزانی

پەیامی سەرۆكی هەرێمی کوردستان لە بیست و نۆیەمین ساڵیادی كارەساتی ئەنفال

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
لە بیست و نۆیەمین ساڵیادی دەستپێكردنی شاڵاوی ئەنفال لە دژی ڕۆڵەكانی گەلەكەمان، هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئەنفال و هەموو شەهیدانی كوردستان دەنێرین و سەرەخۆشی لە خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزی قوربانییانی کارەساتی ئەنفال دەكەین.
ئەنفال پەڵەیەكی شەرمەزارییە لەسەر تەوێڵی دوژمنان و جیهان و برینێکی بەئازاریشە بە جەستەیی مرۆڤایەتی، بەتایبەتییش ئەوانەی لەبەرانبەر ئەم كارەساتەدا بێدەنگییان هەڵبژارد. پێویستە هەوڵەكانی بەجینۆساید ناساندی ئەنفال لەسەر ئاستی جیهانی بەردەوام بن و بگەنە ئەنجام. جەختیش دەکەینەوە کە دەوڵەتی عێراق بەرپرسیارە لە قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری سەربەرزی ئەنفالكراوان. حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بەردەوام بێت لە هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی ڕوفاتی پیرۆزی هەموو شەهیدانی ئەنفال بۆ خاكی نیشتیمان و پێویستە بە باشترین شێوە خزمەتی خانەوادەی شەهیدانی ئەنفال بكرێت.
ئەنفال و سەرجەم ئەو تاوانانەی دژی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان و خاکی کوردستان ئەنجام دراون، بەڵگەی زیندوون بۆ ڕەوایی ماف و داخوازیمان و نابێ ئەو هەموو قوربانیدانە بێ ئەنجام بێت و باشترین وەفا بۆ خوێنی شەهیدانمان دابینکردنی داهاتوویەکی ئازاد و سەربەخۆیە و ئەوە تاکە گرێنتییە کە چیدیکە گەلەکەمان نەکەوێتە بەر هەڕەشەی دووبارەبوونەوەی ئەو تاوانانەی دەرهەقمان ئەنجام دراون و هەموو پێکهاتەکان لەژێر ئاڵای کوردستاندا بە برایەتی و ئارامی بژین.
مسعود بارزانی
14ـی 4ـی 2017

Back to top button