پەیامێك لە سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە

خواكوڕك 

لە پەیامێكی دا مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، جەژنی قیامەی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خوای لێ بێت) پیرۆز دەكات و رایدەگەێنێت، بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی قیامەی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خوای لێ بێت)، پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی هەموو خوشك و برا مەسیحییەكانی كوردستان و عێراق و سەرتاسەری جیهان دەكەم. هیوادارم هەموو جەژنەكانیان لە خۆشی و شادی و كامەرانیدا بگێڕن.

هەر لە پەیامەكەدا هاتووە، جەژن و بۆنە ئایینییەكانی پێكهاتە ئایینییەكانی كوردستان جەختكردنەوەیە لە پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیان و برایەتی. جێگەی شانازییە لە وڵاتەكەمان فەرهەنگی پێكەوەژیان و ئازادی ڕەگوڕیشەی مێژوویی هەیە و كوردستان لە ئاستی جیهانیدا نموونەیەكی درەوشاوەیە و ئەركی سەر شانی هەموو لایەكمانە ئەو فەرهەنگە پەرە پێبدەین و بپارێزین.

مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامەكەدا دەشلێت، سوپاس بۆ خودای مەزن تیرۆریستان لەسەر دەستی پێشمەرگە قارەمانەكان تێكشكێندران و تیرۆر نەیتوانی برایەتی و یەكڕیزیی نێوان پێكهاتەكان تێكبدات. ئومێد دەكەم بە زووترین كات خوشك و برا مەسیحییەكانمان كە ماڵ و حاڵی خۆیان جێ هێشتووە بە سەربەرزی بگەڕێنەوە ناوچەكانیان و ژیانێكی نوێ و ئاسوودە دەست پێ بكەن.

لە كۆتایشدا دەلێت لەم بۆنە پیرۆزەدا بە خوشك و برا مەسیحییەكانم ڕادەگەیێنم كە ئێمە هەموومان لە یەك وڵاتدا دەژیین و چارەنووسێكی هاوبەشمان هەیە و ئێوەیش بەشێكی ئازیزی گەلی كوردستانن و بەشدار دەبن لە دیاریكردنی چارەنووس و پیادەكردنی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان.

 

Back to top button