ئەنجوومەنی وەزیرانی پەیامێكی بڵاو كردەوە

خواكوڕك

لە پەیامێك دا ئەنجوومەنی وەزیرانی جەژنی قیامەت لە تەواوی مەسحیەكانی كوردستان پیرۆز دەكات و رایدەگەێنێت، بەگەرمی جەژنی قیامەت لە هەموو خوشك و برایانی مەسیحی لە هەرێمی كوردستان، عیراق و هەموو جیهان پیرۆز دەكەین، بەتایبەتیش ئەو خوشك و برا مەسیحییانەی كە لە ئەنجامی شەڕی تیرۆردا وەك پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی دیكە ماڵ و زێدی خۆیان جێهێشتووە و هێشتا لە ئاوارەییدا دەگوزەرێنن. هیوای جەژنێكی ئارام و كامەرانیان بۆ دەخوازین. هیوادارین هەموومان جەژن و بۆنەكانی داهاتوو لە سایەی نەمانی تیرۆر و سەركەوتنی یەكجاری بەسەر تیرۆرستان و گەڕانەوەی سەقامگیری و ئاشتی و ئاوەدانیدا بكەینەوە.

هەر لە پەیامەكەدا هاتووە، لەم جەژنە پیرۆزەدا دووپاتی دەكەینەوە گەل و حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە بە پارێزەری ئەو لێبوردەیی و پێكەوەژیانە دەمێننەوە كە بنەما و كۆڵەكەیەكی سەرەكیی كەلتووری دێرین و لەمێژینەی گەلی كوردستانە و شانازی پێوە دەكات، بە هیچ شێوەیەك و لە هیچ دۆخێكیشدا ڕێگە نادات ئەو كەلتوورە لەق ببێت، بۆیە كوردستان تا هەتایە بە خاك و ماڵ و چەتری هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی دەمێنێتەوە و وەك هەمیشە پێشمەرگە و ڕۆڵە قارەمانەكانی بێ جیاوازی بە گیان و خوێنی خۆیان بەرگری لەم كەلتوورە و لە تەواوی پێكهاتەكانی دەكەن.

ئەنجوومەنی وەزیرانی لە كۆتایی پەیامەكەی دا دەلێت، دووبارە جەژنی قیامەت لە هەموو خوشك و برایانی مەسیحی پیرۆز بێت، هیوادارین جەژنێكی خۆش و ئارام بەسەر بەرن، جەژنەكانی داهاتوو هەموو ئاوارەكان سەركەوتووانە و بە سەرفرازی گەڕابنەوە سەر ماڵ و حاڵ و شوێنە ئازاد و ئاوەدانكراوەكانیان.

Back to top button