كێشەكانی یەكێتی و گۆڕان لە لێواری تەقینەوەدایە لەسەر پۆستی پارێزگا
خواكوڕك
ئەمڕۆ لە بەشی وتاری خواكوڕك عمر حاجى عنایت ئەندام پەرلەمانی گۆڕان چەند سەرنجێكی لەمەڕ رێكەوتنی یەكێتی و گۆڕان بڵاو كردۆتەوە لە واتارەكەی دا دەلێت: دواى واژۆ کردنى رێکەوتنەکە هەردولا ووتیان بە شاندى هاوبەش سەردانى لایەنەکان دەکەین، بەڵام پارتى ئەمەى قەبوڵ نەکرد و شاندی یەکیەتى بە جیا سەردانى پارتیان کرد و بزوتنەوەى گۆڕانى بە جێهێشت.لە 15/7/20016 وە شاندى مەسعود بارزانى دەستیکردوە بەسەردانى لایەنەکان، لەسەرەتاوە وتەبێژى گۆڕان وتى پێکەوە پێشوازى لێدەکەین، بەڵام قسەکەرەکەى یەکیەتى وتى بە تەنها و پێکەوەش پێشوازى لێدەکەین و دواجار بە جیا پێشوازیان لێکرد.رۆژى 7/8/2016 شاندێکى یەکیەت بەبێ گۆڕان سەردانى ئێرانى کرد.ئەمانەى سەرەوە ئاماژە گەلێکن کە ناکرێت دواى نزیکەى سێ مانگ لە واژۆکردنى رێکەوتنەکە نادیدەیان بگرین، ئەوەشمان پێدەڵێن کە میکانیزمى رێکەوتنەکە وەک پێویست بەرەوپێش ناچێت، سەرکردایەتى یەکیەتى تا ئێستا، وەک لایەنێکى نیوانگیرى گۆڕان و پارتى هەڵسوکەوت دەکەن و کاریگەرى رێکەوتنە ستراتیجیەکەیان لەگەڵ پارتی پێوە دیارە و دەیانەوێ هاوسەنگى رابگرن و خۆیان ساغنەکەنەوە بەلایەکدا.
هەر لەسەر ناكۆكیەكانی نێوان یەكێتی و گۆڕاندا، پرسێكی تری و قەیرانێكی تر رووی لەو دوو حزبە كردووە، لەسەر پۆستی پارێزگای سلێمانی كە گۆڕان هەڤاڵ ئەبوبەكر سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی وەك پاڵێوراوی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پۆستی پارێزگای سلێمانی پێشانداوە، كە بەپێی رێكەوتنی ئەو دوو حزبە دەبێت ناوبراو بچێتە سەر كورسی پارێزگار هەتا 30ی نیسانی 2018، هەموو ئەمەش لەبەرانبەر ئاڵوگۆڕی پۆستەكانی پارێزگای هەڵەبجەدایە، كە ئێستا پارێزگارەكەی لای گۆڕانە.
بەڵام لەهەمان كاتدا یەكێتیو گۆڕان جەخت لەوە دەكەنەوە، كە رێكەوتنەكەیان بۆ پارێزگای سلێمانی وەك خۆی جێبەجێدەبێت، بەڵام هێشتا كۆمەڵێك ئاستەنگ ماوە، كە تێپەڕاندنی ئاسان نییەو هەردوو حیزبیش هیچ هەنگاوێكی جدیان بۆ ئەو پرسە تائێستا نەناوە، كە چەند رۆژی كەمی ماوە.
لەو بارەیەوە سەرچاوەیەكی سیاسی و ئاگادار كە نەیوست ناوی ئاشكرا بكرێت بەخواكوڕكی راگەیاند، قەیرانی ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگای سلێمانی چەند رۆژێكی ماوە، ئەمەش گەرمترین پرسی لایانگرانی ئەو دوو حزبەیە، بەڵام هیچ ئاماژەی گۆڕانكاری لەسەر ئەو پۆستە نابینرێت كە كاندیدی گۆڕان 200 هەزار دەنگی هێناوە، بە ناوی پارێزگای سلێمانی بانگەشەی بۆخۆی دەكرد لە سلێمانی.
هەر لەو بارەیەوە نیاز حاجی چاودێری سیاسی بە خواكوڕكی راگەیاند كە ئەو پۆستە و چەند پۆستێكی تر لەژێر ناوی رێكەوتنی یەكێتی و گۆڕان فرۆشراوە لەلایان نەوشێروان مستەفا بە یەكێتی، ئەو پرسە پێشتر یەكڵا بۆتەوە بۆیە ئەو پۆستە هیچ گۆڕانكاریەكی بەسەر دانایەت، ئەگەر گۆڕانكاریشی بەسەر دابێت كاندیدێكی تری یەكێتی وەك پارێزگای بەوەكاڵەت دادەنرێت.