هەدەپە و جەهەپە داوای هەژماركردنەوەی دەنگەكان دەكەن
خواكوڕك
دوای ئەوەی ئەمڕۆ ریفراندۆم بۆ گۆڕینی دەستووری وڵات لە توركیا بە ڕێوە چوو كە پارتی حاكم (ئاك پارتی) داوای بەڵێ بۆ گۆڕانكاری و هەریەكە لە هەدەپەو جەهەپە دژی گۆڕانكاری بوون دواجار توركیا سەركەوتنی بەڵێ ی راگەیاند دوای دەر ئەنجامەكە پارتەكانی گەلی كۆماری جەهەپە و پارتی كۆمەڵگەی دیموكراتی گەلان هەدەپە داوای هەژماركردنەوەی بەشێك لە ئەنجامی پرۆسەی دەنگدانی توركیا دەكەن.
كەمێك پێش ئێستا، ئاهەنگی سەركەوتنی دەنگی بەڵێ لە سەرجەم شارەكانی توركیا دەستیپێكرد و لایەنگرانی سەرۆك كۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان رژانە سەر شەقامەكان بۆ دەربڕینی خۆشی و شادی خۆیان سەبارەت بە ئەنجامەكان.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، سەرۆك كۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان، پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی گەلی توركیا كرد و رایگەیاند، ئەنجامی راپرسییەكە داهاتوویەكی باشتر بۆ توركیا دەستەبەر دەكات.
هەروەها دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە رایگەیاند، ئەنجامی راپرسیەكە سەركەوتنێكی مەزنە بۆ توركیا.
بە گوێرەی نوێترین ئەنجامی هەژماركردنی دەنگەكانی پرۆسەی راپرسی توركیا لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا، لە كۆی %99.98ی دەنگەكان ئەنجامەكان بەم شێوەیەیە:
بەڵێ: % 51.34
ژمارەی دەنگ: 24.819.870
نەخێر: %48.66
ژمارەی دەنگ: 23.526.419
بە گوێرەی ئەنجامی هەژماركردنی دەنگەكانی دەرەوەی توركیا ئەنجامی راپرسییەكەی توركیا بەم جۆرەی خوارەوەیە:
بەڵێ: % 59,12
ژمارەی دەنگ: 420.618
نەخێر: % 40,88
ژمارەی دەنگ: 290.821
هاوكات سەرۆك كۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەركەوتنی راگەیاند و لایەنگرانیشی لە سەرجەم شارەكانی توركیا دەستیان بە ئاهەنگی سەركەوتن كرد.