محەمەدی حاجی مەحمود: هۆكاری بەپەلە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە كوردستان ئاشكرا دەكات

خواكوڕك

محەمەدی حاجی مەحمود رایدەگەێنێت، كاتێك لە گەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان چوین، نوینەری هەموو وڵاتان پێیان گوتین، بڕیار لای ئێوەیە، گەلی ئێوە بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدات، بۆیە وڵاتان چاوەڕوانی بڕیاری ئێمەن”.

محەمەدی حاجی مەحموود بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیراگەیاندووە ”سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بڕیاری داوە، ئەمساڵ ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستاندا بکرێت، هەڵبەتە دەبوو زۆر زووتر ئەم ڕیفراندۆمە بکرایە، چونکە گەلی کوردستان لەدوای ڕاپەڕینەوە بڕیاری داوە، کە نایەوێت ژێردەستی هیچ لایەنێک بێت و ئیستاش دوای ڕووخانی (سەدام) حکوومەتی عێراق نەیتوانی مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکات و ڕۆژێک بە بڕینی بوودجە و ڕۆژێک جووڵاندنی هێز بە نییەتی داگیرکردن و ڕۆژێک هەڕشەی بڕینی دەرمان و، ئیستاش بەشداریی کورد لە بەغدا بەشدارییەکی ڕاستەقینە نییە و وەها نییە کە بچێتە قووڵایی دەسەڵاتەوە، چەندین پۆستی گرنگی کورد کە بەپێی دەستوور یەکلا کرابوونەوە، لێی وەرگیراونەتەوە و تا ڕادەیەک پۆستەکانی کورد بوونەتە قوربانیی ئەو ملمڵانێ سیاسییەی لە بەغدا هەیە.

هەروەها دەشلێت لەوە دەچێت لێمان بپرسن، ئێوە وەک کورد چەند پۆستتان لە حکوومەتی عێراقدا هەیە، نەتوانین وەڵام بدەینەوە، چونکە کورد لە بەغدا پەڕاوێز خراوە. ئەمانە وادەکات کە بژاردەی ڕیفراندۆم و دیاریکردنی مافی گەلی کوردستان لە ڕێی ڕیفراندۆمەوە ببێتە بژاردەی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان و دەبێت گەلی کوردستان ئەو بڕیارە بدات، حەقی لایەنە عێراقییەکانیشە ڕێز لە بڕیاری گەلی کوردستان بگرن، تەنانەت ئێمە لەو شاندانەی لەگەڵ (بارزانی) چووینە دەرەوەی وڵات نوێنەرایەتیی وڵاتان پێیان دەگوتین، بڕیار لای ئێوەیە، گەلی ئێوە بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدات، بۆیە وڵاتان چاوەڕوانی بڕیاری ئێمەن.”

محەمەدی حاجی مەحموود ئەوەشی خستەڕوو: ”ڕەنگە لە داهاتوودا بە فەرمی ئەو وڵاتانەی نوێنەرایەتیان لە هەرێمی کوردستان هەیە، وەڵاممان بدەنەوە لەسەر ئەوەی کە بۆ ڕیفراندۆم پشتیوانیمان لێ دەکەن یان نا. چونکە لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان لەگەڵ نوێنەرایەتیی وڵاتاندا داوایان لێ کرا، پەیامی هەرێمی کوردستان بگەیەننە وڵاتەکانیان بەوەی گەلی کوردستان لە ڕێی ڕیفراندۆمەوە بڕیاری خۆی دەدات و پێشبینی دەکرێت لە ئاستی ئەمەریکا و ئەورووپاشدا هەڵوێستی فەرمی هەبێت. بەڵام چاوەڕین لەناو خۆماندا ئەو پرسانە بەتەواوەتی یەکلا بکەینەوە و لەسەریان ڕێک بکەوین.”

هەروەها دەشلێت ”ئێستا دۆخێکی تایبەت لە ناوچەکەدا هاتووەتە ئاراوە، تورکیا وا سیستەمی خۆی و دەستووری خۆی دەگۆڕێت، لەم لاشەوە دۆخی سووریا وای لێهاتووە ئەمەریکا دەستپێشخەریی سەربازیی تێدا کردووە، عێراقیش بە پرسی داعش و قەیرانی سیاسییەوە خەریکە و، ئێرانیش بە هەمان شێوە لەسەر پرسی ئەتۆمی لە گفتوگۆدایە، بۆیە گرنگە کورد نەخشەڕێی داهاتووی خۆی لەم گۆڕانکارییانەدا بدۆزێتەوە و ئەمەش بەوە دەکرێت هەموو هێزە سیاسییەکان یەکدەنگ بن، بۆ ئەوەی هەرچی زووە وادەیەک بۆ کاتی ڕیفراندۆم دیاری بکرێت، گرنگترین خاڵیش ئەوەیە، کە چۆن ئەم پرسە لە ناوچە جێناکۆکەکاندا بکرێت، چونکە دەبێ چارەنووسی ئەوانیش بخرێتە سەر ڕیفراندۆم و لەوێوە بڕیاری خۆیان بدەن، کاتێک بڕیاری خۆیان دا، ئەوکاتە هیچ بیانوو یان پاساوێک بۆ ئەو ناوچانە نامێنێتەوە.”

Back to top button