ئەندام پەرلەمانێكی گۆڕان: لۆبی كوردی زۆر بەهێزە بۆ پرسی سەربەخۆی كوردستان

خواكوڕك 

ئەندام پەرلەمانتارێكی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق  دەلێت بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان فاکتەرە  دووفاكتەری سەرەكی هەیە ئەوانیش فاكتەری دەرەكی و ناوەخۆی، لە فاكتەری دەرەکییەکەدا لۆبیی کوردی لۆبییەکی زۆر باشە، بەتایبەتی لە وڵاتێکی بەھێزی وەکو ئەمەریکا، بەڵام کەموکوڕیی زۆرمان لە فاکتەرە ناوخۆییەکاندا ھەیە، کە پێویستە ناوماڵی خۆمان رێک بخەین بە چالاککردنەوەی دامەزراراوەکان و کۆکردنەوەی ھەموو لایەنەکان بۆ کۆبوونەوە لەو پرسە، چونکە پرسی دەوڵەت پرسێکی نیشتمانی و نەتەوەییە”.

مەسعود حیدەر ئەندام پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی گۆڕان لەدیمانەیەكدا، دەلێت: ھەرێمی کوردستان بەشێکی گرنگە لەو ناوچەیە و ململانێی ئیقلیمی ھەیە، بەرژەوەندیی ئابووری و جیۆپۆلەتیکی ھەیە لە ناوچەکەدا، کورد تا ئێستا توانیویەتی بە باشی لەگەڵ ئەو بابەتانەدا مامەڵە بکات، ھەرچەندە بەسەر بەرەکاندا دابەش بووە، بەڵام ئەوەی دەبینرێ لەو رووەوە پێگەی بەھێز ھەیە و باشترین رێگەش رێککەوتنە لەگەڵ عێراق، ئەوەندەی بشزانم لە دانیشتنە فەرمییەکان لەگەڵ وڵاتان یان لە زمانی نوێنەرەکانیانەوە بەردەوام ئەوان جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە پێویستە کورد لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە، واتە فاکتەرە ناوخۆییەکان خۆی بەھێز بکات، کەس نایەت دەوڵەتمان بۆ دروست بکات، دەبێت خۆمان دروستی بکەین”.

هەروەها ئەو ئەندام پەرلەمانەی گۆران دەشلێت، عێراق ئەزموونێکە بۆمان کە ھەر وڵاتێک سەرچاوەی ئابووریی یەک شت بێت،  سیاسەتە ئابوورییەکەی ھەڵەیە، دەبێت کەرتەکانی دیکەش وەکو کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار بەھێزتر بکەین، دەبێ کەرتی تایبەت بەھێز بکات و خەرجیی کەرتی گشتی کەم بکاتەوە، کە ھەموو ئەوانە دەکرێ بە ئیجرائاتی چاکسازی چارەسەر بکرێن، ئەو قەیرانەیش کە بەسەرماندا ھات، دەبێت بەخۆماندا بچینەوە و چارەسەری بکەین، لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێ ھەنگاو بۆ ئەو پرسە بھاوێین، بە مەرجێ فاکتەری ناوخۆییمان بەھێزتر بکەین و ناو ماڵی خۆمان یەک بخەینەوە، چونکە وادەی سەربەخۆیی ھاتووە”.

Back to top button