پارتی: سیستەمی پاشەكەوتی موچە چیتر بەردەوام نابێت
خواكوڕك
دوای ئەوەی قەیرانی دارای بەشێكی زۆری وڵاتە نەوتیەكانی گرتەوە بە تایبەت لە دوای دابەزینی نرخی نەوت لە دووساڵی رابردوو جگە لەوەی هەرێمی كوردستان لە ماوەی ئەم دووساڵەدا رووبەرووی قورسترین شەڕبووەتەوە دژ بە داعش كە ئەمەش بارگرانیەكی زۆری دارای خستبووە سەر حكومەت, بۆیە لە رێگای پاشەكەوتی موچە هەوڵی دا ئەو تەنگەژە دارایەیی كە دووچاری بووەتەوە تێپەڕێنێت, ئەندام پەرلەمانێكی پارتی رایدەگەیەنێت: ئەگەر توانای حكومەت باشتر بێت، سیستمی پاشەكەوت ناھێڵێت.
بەیار دۆسكی پەرلەمانتاری پارتی و ئەندامی لیژنەی پیشەسازی و وزە لەپەرلەمانی كوردستان، بە میدیایەكی یەكێتی راگەیاند: بەھۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە، داھاتی حكومەتی ھەرێم بەجۆرێك زیادبووە كە دەتوانێت پێداچوونەوە بەسیستمی پاشەكەوتی موچە بكات و پارەی پڕۆژەكان و بەڵێندەرانیش بدات، كە دواكەوتووە.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی : “ئەگەر حكومەت توانای دارایی باشتر بێت، پێموایە ھەنگاو بۆ باشكردنی بژێوی ھاووڵاتیان دەدات و سیستمی پاشەكەوتی موچەش ناھێڵێت”.
بەیار دۆسكی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا دەڵێت: “پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەی نەكردووە، تاوەكو داتاو زانیارییمان لەسەر داھاتی ھەرێم دەستبكەوێت، لەڕاگەیاندنەكانیشەوە بیستومانە حكومەتی ھەرێم چەند بڕیارێكی لەبارەی چاككردنی باری دارایی و پێداچوونەوە بەسیستمی دارایی و ئابووری ھەرێم دەركردووە”.