پەكەكە هەڵدەكوتێتە سەر بارەگای حزبێكی كوردی ڕۆژئاوای كوردستان و بارەگاكە دادەخات

خواكوڕك
تادێت پەكەكە لە رۆژئاوای كوردستان درێژە بە دەسەڵاتی تاكڕەوی دەدات, رێگە بە بوونی هێزی دیكەی سیاسی نادات, ئەمڕۆ هێزێكی PYDی سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستان لە كوردستانی ڕۆژئاوا هەڵدەكوتێە سەر نووسینگەی خۆرهەڵاتی شاری قامیشلۆی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا و دوای دەستگیركردنی سەركردەیەكی ئەنجوومەنەكە، نووسینگەكەشیان داخست.
(خواكوڕك) لە سەرچاوەیەكی زانیووە كە ئەمڕۆ:” مەفرەزەیەكی ئاسایشی سەر بە پەكەكە، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەڵیكوتا سەر ئەو نووسینگەیەی خۆرهەڵاتی قامیشلۆ لە كوردستانی ڕۆژئاوا، كە ڕۆژی یەكشەمەی ڕابردوو ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا لە دوای داخستنی لە 15ی ئاداری ڕابردوو لەلایەن هێزەكانی پەكەكەوە، كردییەوە”.

سەرچاوەكە، گوتیشی :” هێزەكەی سەر بە پەكەكە، دوای دەمەقاڵەیان لەگەڵ ئەندامان و سەركردەكانی ئەنجوومەنەكە، دووبارە نووسینگەكەیان بە مۆمی سوور داخستەوە، هەروەها ئازاد عومەر، ئەندامی لیژنەی ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سووریایان دەستگیر كرد و بۆ شوێنێكی نادیار ڕفاندیان”.

ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا كە لایەنێكی ئۆپۆزسیۆنە، ڕۆژی یەكشەمەی ڕابردوو یەكەم نووسینگەی داخراوی خۆی كە پێشتر هێزەكانی سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستان دایانخستبوو، كردەوە.

Back to top button