لەنێو پەكەكەدا كودەتا بەسەر ئۆجەلاندا دەكرێت
خواكوڕك
دوای ئەوەی كە پەكەكە لە هەوڵی بەردەوام دایە بۆ دژایەتی كردنی هێزە كوردستانیەكان لە چوار پارچەی كوردستان, ئێستادا لە نێو پارتی كرێكارانی كوردستاندا، بە شێوەیەكی پلە بە پلە، سەرجەم ئەو كەسانەی كە لەسەر ئاراستەی نەتەوەیی و نزیك لە عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیكراوی ئەو پارتەن، دوور دەخرێنەوە و دوا سەركردەی نزیك لە ئۆجەلانیش دەخرێتە ژێر چاودێرییەوە.
هۆشەنگ ئۆسێ، نووسەر و ڕۆژنامەنووس، لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) ئەوەی ئاشكرا كرد كە هەندێك زانیاری دزەی كردووە، ئەوە دەردەخات كە قەندیل بۆنی بوونی هەوڵێك بۆ دۆزینەوەی ”دەرچەیەك“ لە نێوان ئۆجەلان و ئەردۆگان پێ گەیشتووە، بۆیە: ”جەمیل بایك لە چوارچێوەی بڵاو كردنەوەی ڤیدیۆیەكدا، موراد قەرەیلانی لە بەر لوولەی تۆپەكە دانا“.
ئەو نووسەرە ئەوەی ڕوون كردووەتەوە كە قەرەیلان تاكە پیاوی ئۆجەلانە لە سەركردایەتیی پەكەكەدا ماوەتەوە و لە هەمووان زیاتر لە بۆچوونی نەتەوەیی لەنێو حزبەكەدا نزیكترە و دەتوانێت لەگەڵ سەركردەكانی كوردستانی عێراق بێتە سەر هێڵ، بەڵام ”لە ڤیدیۆكەدا لەژێر باراندا هەڕەشە و گوڕەشە دەكات و بە تووڕەییەوە قسە دەكات“.
هۆشەنگ ئۆسێ ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە “قەرەیلان لەژێر چاودێریی سەركردەكانی پەكەكە (جەمیل بایك، دۆران كاڵكان و مستەفا قەرەسوو) دایە”. باسیشی لەوە كردووە كە ئێستا بە شێوەیەكی كردارەكی، ئۆجەلان كۆنتڕۆڵی خۆی لەسەر پەكەكە لەدەست داوە كە پێشتریش ئەو لە دوای دەستگیركردنی، هۆشداری دابوو و داوای لە حكوومەتەكانی ئەردۆگان دەكرد، بار شل بكەن بۆ چارەسەری و ئاشتی، “بەر لەوەی سەركردایەتیی حزبەكەی لەدەست بدات و ئەو حزبەش بكەوێتە ژێر ئەجێندای هەرێمایەتی”.