دوای ٤٢ ساڵ مانەوەی لە سودان پێشمەرگەیەك گەڕایەوە كەركووك
خواكوڕك
دوای ئەوەی پێشمەرگەیەكی شۆڕشی ئەیلول كە خەڵكی كەركووكە 42 ساڵ مایەوە لە وڵاتی سودان گەڕایەوە بۆ كەركووك و بڕیارە بەیەكجاری لە كەركوك بمێنێتەوە.
خەلیل ئەحمەد ناوی ئەو پێشمەرگەیە كە ٤٢ ساڵە لە سودان دەژی، ئێوارەی ئەمڕۆ لە رێگای فڕۆكەخانەی هەولێر گەرایەوە كوردستان, بە كەسو كاری شاد بوویەوە.
غاندی خەلیل كوڕی ئەم پێشمەرگەیە رایگەیاند:” كە باوكی بە یەكجاری هاتووەتەوە كوردستان و ئەو هاوسەرەی كە خەڵكی سودانە و منداڵەكانی ئەو هاوسەرەشی هێناوەتەوە و هەموومان بەیەكەوە دەژین”.
شایەنی باسە, خەلیل ئەحمەد پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول بووە و لە بەهاری ساڵی ١٩٧٥دا كوردستانی بەجێهێشتووە و چووەتە ئێران، پاشان لە ئێرانەوە چووەتە سودان و لە خەرتومی پایتەختی ئەو وڵاتە نیشتەجێ بووە.