چاڤی لاند: شاناز ئیبراهیم ئەحمەد زیاتر لە ٧ هەزار مەتر زەوی داگیركردوین

خواكوڕك
دوای ئەوەی هێزێكی چەكدار هەلیكوتایە سەر پڕۆژەی گەشتیاری چاڤی لاند كۆمپانیای چاڤی گەشتیاریی دەڵێت لە سەرەتای ئەم مانگەوە بە بیانووی جۆراوجۆر ڕێگری لە جێبەجێكردنی پڕۆژەیەكیان دەكرێت، بەڵام جگە لە نوسراوی یاسایی لە ژێر هیچ فشارێكدا كاركردن لە پڕۆژەكە ڕاناگرن، هەروەها ئاماژە بەوەش دەدەن كە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، زیاتر لە ٧ هەزار مەتر زەوی لە پرۆژەكەیان داگیركردووە.

كۆمپانیای چاڤی گەشتیاریی ئاماژەی بەوەش كرد، ئەو زەوییەی پڕۆژەی تەواوكاری كابینەكانی لەسەر دروست دەكرێت موڵكی سرفی كۆمپانیاكەیانە، هەروەها لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانەوە مۆڵەتی كاركردنی پێدراوە، بۆیە تەنها دەستەی وەبەرهێنان و بڕیاری دادگا دەتوانن داوای ڕاگرتنی پڕۆژەكە بكەن، ئەوانەشی فشاریان لەسەر دروست دەكەن هیچ نوسراوێكی یاساییان پێ نییە.

كۆمپانیای چاڤی گەشتیاریی دەشڵێت، سەرباری ئەو فشارانەی لە بەرامبەر دروستكردنی ئەو پڕۆژەیە لەسەریان دروست دەكرێت، بەڵام حەوت هەزار و ٥٠٠ مەتر زەویان لەلایەن شاناز ئیبراهیم ئەحمەدەوە داگیركراوە و شارەوانی و هیچ دامودەزگایەكی تر لە بەرامبەر ئەو كارە نایاساییەیان لێپرسینەوەی لەگەڵدا نەكردوون.

سەبارەت بە نوسراوێكی سەرۆكی شارەوانی سلێمانیش كە لە ماوەی ڕابردوودا داوای ڕاگرتنی پڕۆژەكەی كردبوو، هەروەها ئاماژەی بەوە كردبوو پڕۆژەكە كاریگەری لەسەر سروشتی شاخی گوێژە و شەقامی سەرەكی سنوورەكە دەبێت، كۆمپانیای چاڤی گەشتیاریی دەڵێت، بەپێی بڕیاری حكومەت هەر زەوییەك كە لە دەستەی وەبەرهێنانەوە مۆڵەتی كاركردنی پێدرا پێویستی بە مۆڵەتی شارەوانی نییە و بۆشی نییە داوای ڕاگرتنی پڕۆژە بكات.

هەر لەسەر پڕۆژەی تەواوكاری كابینەكانی چاڤی لاند پێشتریش كۆمپانیای چاڤی گەشتیاریی ڕایگەیاند، سەرەتای ئەم مانگە هێزێكی چەكداری سكرتارییەتی یەكێتی بە ناوی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدەوە چونەتە سەر پڕۆژەكە و دەستیان گرتووە بەسەر چەند ئامێرێكی بیناسازی دا.

Back to top button