مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەبێت ریفراندۆم لە هەموو سەرزەمینی باشووری كوردستان ئەنجامبدرێت

خواكوڕك

یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لە نوێترین راگەیەنراوی مەكتەبی سیاسیدا، جارێكی دیكە جەخت لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەر چوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە بە ناوچە كێشە لەسەركانیشەوە.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژەی بۆ كردووە، بە هۆی هاتنەپێشەوەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان, ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق, پەرلەمانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، لە بەردەم ئەركێكی مێژووییدایە.

لە بەیاننامەیەكدا هاتووە: “ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان، پەیوەندی هەیە بە چارەسەری كێشەی هێزە سیاسیەكانی كوردستان و پرسە نیشتمانی و یاساییەكان”.

دەقی راگەیەندراوی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی

سەعات (5)ی پاش نیوەڕۆی 19/4/2017، مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، بەسەرپەرشتی هەڤاڵ كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی، كۆبونەوەی ئاسایی ئەنجامدا.

لەكۆبونەوەكەدا، جەخت لەسەر ئەم پرەنسیپانەی خوارەوە كرا:
یەكەم: یەكێتی، لەبەردەم ئەركێكی مێژووی دایە، گرنگترینیان هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق و پەرلەمانی عێراق، بەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكیشەوە.
دووەم: ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان، پەیوەندی هەیە بە چارەسەری كێشەی هێزە سیاسیەكانی كوردستان و پرسە نیشتمانی و یاساییەكان.
سێ یەم: چۆنیەتی چارەسەركردنی قەیرانی ئابوری، تەنگوچەلەمەی موچە، بازار، بانكەكان و دژایەتی گەندەلی.
بۆئەوەی یەكێتی بتوانێ، لەم قۆناغەشدا ئەركەكانی رابپەرێنێ، كۆبونەوە هەمەلایەنە گفتوگۆی لەسەر: ژیاندنەوەی ژیانی حزبایەتی، بەوردی جێ بەجێ كردنی پەیرەوی ناوخۆ، چەسپاندنی دیسپلین، پەیرەوكردنی سزا و پاداشت، خستنەوەگەری ئۆرگانەكان، رێگرتن لەشێوازی لیبرالی لە هەڵوێست وەرگرتن و لێدوانی رۆژنامەگەری، پابەندبون بە بڕیارەكان، ئەمانەش تەنها بەكاراكردنەوەی كۆبونەوەی هەفتانەی مەكتەبی سیاسی و دوو مانگ جارێكیش، كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی، دەكرێ، هەفتەی ئایندەش، كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی، ئەنجام دەدرێ.
سەبارەت بە ئەنجامدانی ریفراندۆم، لەتەواوی سەرزەمینی باشوری كوردستاندا، هەر چوار پارێزگاكەی هەرێم و ناوچە كێشە لەسەرەكان، كۆبونەوە جەختی كردەوە كە یەكێتی، هاوكاتی كۆبونەوە لەگەڵ لایەنەكان، لەسەر نەخشە رێگای یەكێتی، هەروا لەسەر پرسی ریفراندۆم و كاراكردنەوەی پەرلەمان و چارەسەركردنی كێشە سیاسیەكانی هێزەكان، لەتێكۆشانی خۆی بەردەوام دەبێ. بەتایبەتی لە بارودۆخی ئێستادا كە شەڕی داعش لەكۆتاییدایە و لەرووی بابەتیەوە هەلومەرجی نەخوازراو دێتەئارا. بۆیە، چیكە كات نابێ بەفیرۆ بدرێ و پێویستە هەموو هێزە سیاسیەكانی كوردستان، لەسەر تەواوی جومگە نیشتمانیەكان كار بكەن. ریفراندۆمیش، هەروەكو لە دوا كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی دا جەختمان كردۆتەوە، مافی بێ ئەملاو ئەولای گەلی كوردستانە.

بەهیوای سەركەوتن لە راپەراندنی ئەركەكاندا…
بۆپێشەوە …

مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
19/4/2017

Back to top button