وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گەیشتە هەولێر

خواكوڕك
دوای ئەوەی ئەمڕۆ لە كوێتەوە بەرەو بەغدا چوو ئێستا (سیگمار گابریڵ) وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، گەیشتە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و بڕیارە سبەش لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆببێتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك بەرپرسی دیكەی باڵای حكوومەتەوە، پێشوازی لێكرا.

چاوەڕوان دەكرێت، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ هەرێمی كوردستان، راوێژكارە سەربازییەكانی ئەڵمانیا بەسەربكاتەوە، كە بۆ مەشق و راهێنانی سەربازی بە هێزی پێشمەرگە، لە هەرێمی كوردستانن.

ئەڵمانیا یەكێكە لە وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و لەو چوارچێوەیەش، هاوكاری سەربازی راستەوخۆی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كردووە و بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا، هاوكارییە سەربازییەكان رەوانەی هەولێر دەكات.

دیارترین ئەو هاوكارییانەشی ئەو وڵاتە پێشكەشی پێشمەرگەی كردووە، چەكی دژە تانكی میلان بووە، كە بە گوێرەی فەرماندە سەربازییەكان، رۆڵێكی یەكلاییكەرەوەی هەبووە لە بەرەنگاربوونەوە و تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژكراوەكانی داعش.

سیگمار گابرێل، لە دایكبووی ساڵی 1959یە و لە رۆژی 27ی كانوونی دووەم/ یەنایەری 2017، پۆستی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا وەرگرت، كە پێشتر فرانك واڵتەر شتاینمایەر لەو پۆستەدا بوو و ئێستا بووەتە سەرۆكی ئەڵمانیا.

Back to top button