نێچیرڤان بارزانی:ڕیفراندۆم مافێكی سروشتیی خه‌ڵكی كوردستانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌نووسی خۆی دیاری بكات

خواكوڕك

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێک لەبارەی کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاو دەکاتەوە.

 

له‌ راگەیەندراوەکەدا هاتووه‌”ڕیفراندۆمی هه‌رێمی كوردستانیش به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ ڕیفراندۆم مافێكی سروشتیی خه‌ڵكی كوردستانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌نووسی خۆی دیاری بكات. دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ خه‌ڵك و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان باوه‌ڕیان به‌وه‌ نییه‌ داهاتوو و مافه‌كانی خۆیان به‌ ڕێگه‌ی توندوتیژی دابین بكه‌ن، به‌ڵكو پێویسته‌ به‌ ڕێگه‌ی گفتوگۆیه‌كی جددی بێت و له‌م نێوه‌نده‌شدا كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌توانێت هاوكار بێت‌.

دەقی راگەیەندراوەکەی حكومه‌تی هه‌رێمی كورستان:-

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠-٤-٢٠١٧ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز زیگمار گابریێل وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا و شاندێکی یاوەری کرد.

لە دیدارێکدا شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانی ھەرێمی کوردستان دەربڕی و سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ خەڵک و حکوومەتی ھەرێم و پێشمەرگەی نیشان دا بۆ خۆڕاگری و بەرگریکردن لە بنەماکانی مرۆڤایەتی و پاراستنی ھەموو پێکھاتەکان لە ھەڕەشەی تیرۆر و حەواندنەوەی ژمارەیەکی یەکجار زۆری ئاوارە و پەنابەران، کە ئەمەش جێگەی ڕێز و پێزانینی ئەڵمانیا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.

به‌ڕێز وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا پێكه‌وه‌ژیانی ئاینی و نه‌ته‌وه‌ییی هه‌رێمی كوردستانی به‌رز نرخاند و به‌رده‌وامیی هاوكارییه‌ سه‌ربازی و مرۆییه‌كانی ئه‌ڵمانیای بۆ هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه‌. جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كانی نێوان ئه‌ڵمانیا و هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا تۆكمه‌تر بكرێت. بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غداش، بنه‌مای دیالۆگ و گفتوگۆی به‌ باشترین ڕێگه‌چاره‌ زانی‌.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ و هاوكارییه‌ سه‌ربازی و مرۆییه‌كانی ئه‌ڵمانیای بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ شه‌ڕی دژی تیرۆردا كرد و هیوای به‌رده‌وامیی هاوكارییه‌كانی خواست. ئاماده‌یی هه‌رێمی كوردستانیشی ده‌ربڕی بۆ پته‌وكردنی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌موو بواره‌كاندا.

سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غداش، به‌ڕێزیان ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ له‌ ڕووی سه‌ربازییه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی تۆكمه‌ له‌ نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراقدا هه‌یه،‌ به‌ڵام له‌ بواره‌كانی دیكه‌دا هیچ گفتوگۆیه‌كی جددی نه‌بووه‌ و به پێویستی زانی له‌مباره‌یه‌وه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ڕۆڵی خۆی ببینێت.

ده‌رباره‌ی ڕیفراندۆمی هه‌رێمی كوردستانیش به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ ڕیفراندۆم مافێكی سروشتیی خه‌ڵكی كوردستانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌نووسی خۆی دیاری بكات. دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ خه‌ڵك و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان باوه‌ڕیان به‌وه‌ نییه‌ داهاتوو و مافه‌كانی خۆیان به‌ ڕێگه‌ی توندوتیژی دابین بكه‌ن، به‌ڵكو پێویسته‌ به‌ ڕێگه‌ی گفتوگۆیه‌كی جددی بێت و له‌م نێوه‌نده‌شدا كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌توانێت هاوكار بێت‌.

هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕه‌وشی گشتیی ناوچه‌كه‌ و به‌ره‌كانی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆرستانی داعش و چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ندیدار، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.

Back to top button