راهێنانی سەربازی بەو 500 چەكدارەی پەكەكە دەكرێت كە لەشنگال وازیان لە پەكەكە هێناوە
خواكوڕك
قاسم شەشۆ فەرماندەی فەرماندەیی هێزەكانی پێشمەرگە لە شنگال بە ئاژانسی ئەنادۆڵی راگەیاندووە، ژمارەی زۆری كوردی ئێزیدی كە لەرێزی چەكدارانی پەكەكە بوون لە شنگال وازیان هێناوە، ئێستا زیاتر لە 500 چەكداریان ناونووس كراون، بۆ ئەوەی بخرێتە سەر هێزەكانی پێشمەرگە، ئەمرۆش شوێنی مەشقدان و راهێنانی سەربازییان بۆ دیاری كراوە، بەیانیش لە سەربازگەی بەنداوی مووسڵ یەكەم رۆژی دەستپێكردنی خوڵەكە دەست پێدەكات”.
هەروەها قاسم شەشۆ دەشلێت یەكەمین قۆناغی دەركردنی پەكەكە لە شنگال چارەسەر كردنی گەرانەوەی ئەو چەكدارە ئێزیدیانە بوون لەناو پەكەكە دا كە بخرێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، ئەمەش لەئێستادا چۆتە واری جێبەجێ كردن، چونكە بەم شێوەیە دەرکردنیان ئاسانتر دەبێت و کاتێک هیچ کوردێکى ئێزدیان لەگەڵدا نەمێنێت هەر خۆیان جێگەیان لە شنگال نابێتەوە دەشلێت جێهێشتنى ریزەکانى پەکەکە لەلایەن کوردى ئیزدى لە شنگال بەردەوامە، رۆژانە دەیان چەکدارى کوردى ئیزدى واز لە پەکەکە دەهێنن و خۆیان رادەستى پێشمەرگە دەکەن، هەموو ئەو چەکدارانەى خۆیان رادەستى پێشمەرگە دەکەن باس لە شەڕو ئاڵۆزییەکانى خانەسۆر دەکەن ئاماژە بەوە دەدەن کە پەکەکە ئەوانى هەڵخەڵەتاندوون و بۆیە پەشیمانن لەوەى تێکەڵى پەکەکە بوون، خۆشبەختانە تا ئێستا نزیکەى ٨٠ لە سەدى چەکدارە ئێزدییەکان ریزەکانى پەکەکەیان جێشهێشتووە، ئەو رێژەیەی کە ماون لە چەند رۆژ و هەفتەى داهاتوو خۆیان دەگەیەننە پێشمەرگە، پێشمەرگەش لەسەر ئاستى فەوج و لیواکان لە پێشوازیاندایە”.
فەرماندەی فەرماندەیی شنگال جەختى کردەوە کە لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن بۆ دەرکردنى پەکەکە لە شنگال و دەشڵێت “یەکێک لەو هەنگاوانەى گرتوومانەتەبەر بۆ دەرکردنى پەکەکە لە شنگال وەرگرتنى ئەو چەکدارە ئیزدیانەى ریزەکانى پەکەکە لە چوارچێوەى وەزارەتى پێشمەرگە، بە فەرمانى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى هەرێمى کوردستان تا ئێستا ٤٨٩ کەس ناونووس کراون خولێکى سەربازى لەژێر چاودێرى وەزارەتى پێشمەرگە بۆیان کراوەتەوە و مەشق و راهێنان بەهەموو ئەو چەکدارانە دەکرێت کە لەلایەن پەکەکە لە خشتە برابوون”.
هەروەها ئاماژەى بەوەدا کە سبەی یەکەم رۆژى خولى مەشق و راهێنانى سەربازى دەبێت بۆ ئەو چەکدارانەى ریزەکانى پەکەکەیان جێهێشتووە، راهێنانەکان لەسەر ئاستى جیاواز دەبن و چۆنیەتى راهێنانیان لەسەر جۆرەها چەک و رووبەڕووبوونەوە و هێرشبردنى سەربازى هەروەها وانەى جەستەیی، سەربازى، پەروەردەیی و رۆشنبیریان بۆ دەگوترێتەوە، تاوەکو لە پەروەردە چەوتەکانى پەکەکە رزگار بن کە لە ماوەى رابردوو بە زۆرەملێ بینیویانە.
فەرماندەى فەرماندەیی شنگال، قاسم شەشۆ ئەوەشی بە ئاژانسەكە راگەیاندووە: “پەکەکە لە شنگال بووەتە هۆى دروستبوونى ئاڵۆزى و دەرگاى زۆرى بە رووى کەسانى تێکدەر و ئاژاوەگێڕ کردووەتەوە، ئەمەیش ترسى لە دڵى خەڵکى شنگال دروست کردووە و ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵى خۆیان، ئەگەر پەکەکە لە شنگال نەمێنێت بێگومان ئاوارەکان دەگەڕێنەوە و شارۆچکەکەش ئاوەدان دەکرێتەوە، چونکە بەهۆى مەترسى پەکەکە لە شنگال و دەورووبەرى تا ئێستا وڵاتانى جیهان و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى نەیانتوانیوە شنگال ئاوەدان بکەنەوە، گوتیشى: “پەکەکە لە سنوورى شنگال جگە لەوەى چەندین هاووڵاتى گولـلە باران کردووە، زیاتر لە دوو جاریش تەقەیان لە هێزەکانى پێشمەرگە کردووە، بۆمان روون بووەتەوە کە جگە لە پەکەکە هیچ گرووپێکى دیکەى چەکدارى لەو ناوچانە نییە تەقەى لە پێشمەرگە کردبێت، کە بەهۆى تەقە کردنەکانیشەوە جارى یەکەم دوو پێشمەرگە بریندار بوون جارى دووەمیش سێ پێشمەرگە بە سەختى بریندار بوون”.