بارزانی براوەی پەیوەندی لەگەڵ تورکیاییە

حسـام دەستپیش

لە پانتای ئاڵۆزی سیاسەت لە کوردستان خوێندنەوەشی بە هەمان شێوە ئاڵۆز دەبێ. بۆیە هەوڵدەدەم وێنەیەکیتر لە پەیوەندی هەرێم و تورکیا بخەمەروو بەو مانایە کە باشور براوەی گەمەکەی لەگەڵ تورکیا تا ئەم چرکە ساتە.
لە ئاستی گوتاریکدا:
١. فۆرمێک لە کوردبوون لای تورکەکان ئاسایی بووتەوە. لە ئاستێکدا کە بەشێک لە هێما کوردییەکان قەبوڵ کراوە.
٢. ناسیونالیزمی تورکی کە هەموو جۆرە لە کوردبوونی رەت دەکردەوە, ناچار بووە بەشێک لە فۆرمی دەسەڵاتداری کورد قەبوڵ بکات. دەسەڵاتداری کوردی بە ناسنامە و پێناسەی خۆیەوە.
٣. لە ئەقلییەتی تورکەکاندا ” کورتەن پاشا چخماس” ئەقلییەتە, جا ئێستا بەردەنگی تورکی دەبینێ کە کیانی خاوەن دەسەڵاتی کوردی هاو سەنگ لەگەڵ کیانی تورکی دادەنیشێ.
……
لە ئاستی سیاسی
١. باشوری کوردستان باشترین پەیوەندی لەگەڵ تورکیا هەیە. لەهەمانکاتیشدا پ.ک.ک وەک نەیارترین ئەکتەری دژ بە تورکیا هەم لە هەرێم هەیە و هەمیش پەیوەندی ئاشکرا و نهێنی نێوان هەرێم و پ.ک.ک لە ئارادایە.
٢. سەلاحەدین دمیرتاش لەمرۆدا وەک پرسێکی ئەمنییەتییە بۆ تورکیا. بەڵام لە لایان باشورەوە پێشوازی لێدەکرێ و لەهەمانکاتدا هەرێم ئیجازە بە خۆی دەدا داوای ئازادبوونی بکات.
٣. هێزەکانی پ.ک.ک و رۆژئاوا لە هەموو خاکی باشوری کوردستان بوونیان هەیە. جا ئەم فراوانی لە بوونە بەرانبەر بە رادەی هەستیاری تورکیا خۆی جێگای پرسیارە. کە چۆن  قەبوڵ دەکرێ و لەهەمانکاتدا چۆن لە پەیوەندییەکانی تورکیا و هەرێم دەتوانێ کاریگەر بێ.
٤. هەرێم لە نێوان تورکیا و ئێران خەریکی گەمەکردنە. تورکیا ناچارە بە تەعامول لەگەڵی و ئێرانیش ناچارە لەگەڵی هەڵ بکات. بەڵام تورکیا زۆرتر گرێدراوی هەرێمە.
٥. هەرێم بە باشترین شێوە بە کارتی عێراق کە پ.ک.ک ش لەهەمان مەنزومەدایە کاییە دەکات. لە لایەکەوە پێشان بدات کە بەرژەوەندی تورکیا لە عێراق لە مەترسیدایە, لە لایەکیشەوە پ.ک.ک وەک مەترسی بەرجەستە دەکاتەوە.
٦. هەرێم بە ئاشکرا و نهێنی لۆجستیکی پ.ک.ک یە. تورکیاش بە ئاشکرا لۆجستیکی هەرێمە لە بواری ئابوری و سیاسی. پ.ک.ک هەرێمی پاراستنی میدیا پەیرەو دەکات و هەرێمیش کرانەوەی ئابوری و سیاسی بەرووی تورکیا.
٧. تورکیا زۆر لە سەر هێزی سیاسی سوننە لە عێراق سەرمایەگوزاری کردووە. بەڵام هەرێم بە ئاشکرا ریگایان بۆ خۆشدەکا و بە شێوەکانیتر تاکو ئەمرۆ نەهیشتوە ببن بە هێزێکی سیاسی تۆکمە.
…..
لە بواری سەربازییەوە
١. لە ساڵی ٢٠٠٣ هەرێم و بەتایبەتی بارزانی کۆسپی گەورەی بەردەمی هاتنی سوپای تورک بوو بۆ کوردستان.
٢. بوونی سەربازی تورکیا لە هەرێم لە ٢٠٠٣ بەملاوە بوونێکی هەواڵگری و تایبەکراوە.
٣. لە پاش هاتنی داعش بوونی سەربازی تورکیا تەنیا هاتوهاوار بووە و بە کردەوە رێگا لە تورکیا گیراوە رۆڵی گەورە و جدی بگێرێ.
٤. لە کۆبانی پێشمەرگە سنوری دەسەڵاتداری تورکی بری. بەڵام ئەنجامەکەی کەس بە ناوی تورکەوە ناوی نەهێنا.
٥. هەرێم وا پێشان دەدا کە لۆجستیکی سوننەیە لە بواری سەربازییەوە. ئەمە لە نمونەی باشیک روون و بەرچاو بوو. بەڵام لە کردەوەدا هەرێم خۆی دەستی هەبووە لە ناکارامەی سوننە وەک هێزی پیادەی تورک و تاکو ئەمرۆ ناتوانین سوننە وەک هێزێکی سەربازی ببینین.
…..
لە بواری مێژوییەوە
١. سەرەتای پاشەکشی تورکیا بەرانبەر بە هەرێم لە ساڵی ٢٠٠٨وە دەستی پێکرد. تورکیا هەرێمی قەبوڵ کرد.
٢. تورکیا ویستی باشور دژ بە باکور بە کار بینێ, بەڵام ئەنجامەکە پرۆسەی ئاشتی بوو. تورکیا بەرانبەر بە پرۆژەی کورد پاشەکشی کرد.
٣. تورکیا و تیمی ابراهیم جەعفەری ویستیان هەرێم ناکارامە بکەن. بەڵام لە ئەنجامدا جەعفەری وەلا نرا.
٣. مالکی باشترین دەرفەت بوو کە پرۆژەی ئابوری وەک نەوت گەیشتن بە بازارەکانی جیهانی لێکەوتەوە. لێرەشدا بازاری تورکیا و نوخبەی گەندەڵی تورک تێوەگلیندرا.
٤. هەڵەی تورکیا و پ.ک.ک پرۆژەی ئاشتی وەستاند. تورکیا ویستی بگەرێتەوە ٩٠ دەکان و کورد بە گژ یەکدا بکات. بەڵام هێزەکانی پ.ک.ک لە باشور بڵاوەیان پێکرا.
٥. ململانێی ئێران, تورکیا و سعودیا تۆخ بووەوە. هەرێم بە رەواڵەت لە بەرەی سوننەدایە و ئێران پش گوێ دەخات. پێدەچێ هەرێم بۆ پرۆژەیەکی سیاسی لە تورکیا و ئەوانیتر نزیک ببێتەوە. بەڵام کارتی ئێران هێشتا وەک خۆیەتی.
…..
بە گشتی کاییەی سیاسی, سەربازی و ئەمنی لەم ناوچە زۆر ئالۆزە و تاکو ئەمرۆ هەرێمی کوردستان جیا لە نوقسانییەکانی ناوخۆ لە دەرەوە کاییەی خراپ ناکات تاکو ئەمرۆ. گرینگ ئەوەیە بزانین کە لە داهاتوودا چی لەمانە سەوز دەبێ. بەڵام خاڵی روون ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان لە توانایدایە زیاتر پاشەکشی بە تورکیا و ئیران بکات.

Back to top button