فازل بەشارەتی: لە كۆی ٥٢ پۆست لە هەڵەبجە تەنیا سێ پۆست بۆ پارتی دانراوە
خواكوڕك
تا ئێستا پۆستەكانی حكومەتی خۆجێیی هەلەبجە یەكڵایی نەكراونەتەوە, لەوبارەیەوە بەرپرسی لقی ١٢ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ھەڵەبجە گوتی، تا ئێستا بڕیاری كۆتاییان بۆ بەشداریكردن لە حكوومەتی خۆجێی ھەڵەبجەدا نەداوە، لەبەر ئەوەی و لە كۆی ٥٢ پۆست تەنیا ٣ پۆست بۆ ئەوان دیاری كراوە و ئەوانیش دەیانەوێت بەپێی ڕێژەی كورسیی ئەنجومەنی پارێزگا مافیان لە پۆستەكاندا پێ بدرێت.
(فازڵ بەشارەتی) بەرپرسی لقی 12ی هەلەبجە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاندووە: ”پرسی حكوومەتی خۆجێی ھەڵەبجە و پێكھێنانی ئەنجومەنی پارێزگا ھێشتا یەكلایی نەكراوەتەوە، لەبەر ئەوەی لایەنەكانی دیكە بە ڕژدی نایەنە پێشەوە، چونكە دەیانەوێت دەستی ئێمە ڕاكێشنە ناو بەرپرسیارەتیەكەوە و مافیشمان بە تەواوی جێبەجێ نەكرێت.”
(فازڵ بەشارەتی) گوتی: ”تا ئێستا لایەنەكان بڕیارێكی یەكلاكەرەوەیان نەداوە، كە ئێمە تا چ ڕادەیەك بەشداری دەكەین، بۆیە ئێمەش تا دڵنیا نەبین لەوەی كە حكوومەتەكە بە هاوبەشی دەبێت و شەریك دەبین، ناچینە نێو ئەو بەرپرسیارەتییەوە.”
بەرپرسی لقی ١٢ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ھەڵەبجە ڕوونی كردەوە: ”ھێشتا پۆستەكان یەكلایی نەكراونەتەوە، لەبەر ئەوەی لە كۆی ٥٢ پۆست تەنیا سێ پۆستی بەڕێوبەری گشتی بە ئێمە دراون، ئەوانیش ھێشتا دیاری نەكراون، كە چ بەرێوبەرێك بە ئێمە دەدرێت، بۆیە ئێمە پێمان وایە ناكرێ بە سێ پۆستەوە بڵێین بەشدارین لە حكوومەتی خۆجێیی ھەڵەبجەدا و بەو شێوەیە بەشداریی ناكەین.”
(بەشارەتی) دەڵێت: ”ھەركاتێك یەكلایی كرایەوە لە كۆی ئەو ٥٢ پۆستە چەندی بە ئێمە دەدرێت، ئەوكات ئێمەش بڕیاری بەشداریكردن و بەشدارینەكردن دەدەین، چونكە ئێمە داوامان كردووە بە پێی ڕێژەی كورسیی ئەنجومەنی پارێزگا، چەند پۆست بە ئێمە دەبڕێت، پێی ڕازیین، بەڵام ئەمە تا ئێستا یەكلایی نەكراوەتەوە.”
(بەشارەتی) ڕاشیگەیاند: ”ئەوەی دەكرێت كاتكوشتنە و بەو شێوەیە زۆر زەحمەتە لە ماوەیەكی نزیكدا بتوانرێت ئەو كێشەیە یەكلا بكرێتەوە.”