حەشدی شەعبی ئاڵای كوردستان لەسەر بارەگایەكی یەكێتی دێنێتە خوارەوە
خواكوڕك
دوای كۆنتڕرلكردنەوەی چەند ناوچەیەكی دەشتی نەینەوا لە لاین هێزی پێشمەرگەی كوردستان پارت و لایەنە كوردستانیەكان لە چەند ناوچەیەك بارەگای حزبەكانیان كردۆتەوە بەڵام ئەمڕۆ هێزێكی سەر بە حەشدی شەعبی، هەڵدەكوتنە سەر بارەگایەكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سنووری شاری مووسڵ و ئاڵای كوردستان لەسەر بارەگاكە دێننە خوارەوە.
پێشتر یەكێتی نیشتمانی كوردستان رای گەیاندبوو كە لە چەند ناوچەیەك بارەگاكانی كردۆتەوە كە پێش چەند هەفتەیەك لە ناحیەی (بەرتللە)ی ڕۆژهەڵاتی شاری مووسڵ، بارەگایەكی كردووەتەوە و ئاڵای كوردستان و ئاڵای یەكێتی لەسەر بارەگاكە داناوە.
سەرچاوەكە تایبەت بۆ (خواكوڕك) ئاشكرای كرد كە ئەمڕۆ هێزێكی سەر بە لیوای 30ی حەشدی شەعبی كە (حەنین قەدۆ) سەركردایەتییان دەكات، هەڵیانكوتاوەتە سەر بارەگاكەی یەكێتی و ئاڵای كوردستانیان هێناوەتە خوارەوە، تەنیا ئاڵای یەكێتی بەسەر بارەگاكەوە هێڵدراوەتەوە.
لە ماوەی ڕابردوودا، بە شێوەیەكی بەردەوام، بەرپرس و سەركردەكانی حەشدی شەعبی، دژایەتیی هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان و ئاڵای كوردستانیان كردووە و هەڕەشەیان لە پێشمەرگە كردووە. جگە لەوەی چەندان جار سەنگەرەكانی پێشمەرگەیان هاوەنباران كردووە.