پەكەكە هیچ رێگایهكی لەبەردەمدا نییە دابەشبوون نەبێت
رێكان سەباح
پاش بانگەشەی ئۆجەلان بۆ سەركردەكانی قەندیل و ئاكپارتی لە ئەنقەرە، هەدەپە پاڵپشت بەو بانگەشەیهی عەبدولڵا ئۆجەلان كە گوتبووی (خەباتی چەكداری كۆتایی هات و خەباتی سیاسی و مەدەنی لە توركیا دەست پێدەكەین و، داوایشی لە پەكەكە كرد بچنە كۆنگرە و چەك دانێن)، هەدەپە توانی رێژەی دەنگەكانی لە سنووری رێكخستنی نەگۆڕی پەكەكە زیاتر پەرە بستێنێت، بەشێوەیەك كە بەشێكی زۆری رۆشنبیر و رۆژنامەنووس و هونەرمەندی ناوداری توركیا و كوردستان، دەنگیان دا بە هەدەپە، ئەمەش وای لە هەدەپە كرد ئەو تهوقە بشكێنێت، كە پەكەكە بە درێژاییی تەمەن نەیتوانیبوو بیشكێنێت، ئەویش تێپەرین بوو لە (%10) یاسای هەڵبژاردن لە توركیا. روانگای هەدەپە ئەگەرچی پڕی دەنگهێنانی تێپەرین لە سەدا دەی نەكرد و، لە بانگهشەی سەركردەكانی هەدەپەدا بۆشایەكی سیاسی و ستراتیژی زۆر زەق دەركەوت، چونكە روانگای سیاسیی سەركردەكانی هەدەپە لە ئاستی رێكخستن و دەنگەكانی هەدەپە نەبوو لە هەڵبژاردنی 7ی حوەزیراندا، ئەمەش بوو وای لە هەدەپە كرد بەم دۆخەی ئێستا بگات.
روانگای هەدەپە لە ئاستی دەنگی دەنگدەرانی نەبوو
كاتێك هەدەپە (10%)ی تێپەراند لە هەڵبژاردنی 7ی حوزەیراندا، سەڵاحەدین دەمیرتاش كە سەركردایەتیی سیاسەتی هەدەپەی دەكرد لێدوانێكی مەترسیداری دا، كە لەوێدا دەركەوت سەركردەكانی هەدەپە لە ئاست قەبارەی و پێگەی سیاسی نین كە پێیان بەخشراوە، ئەویش ئەوە بوو كە گوتی ئێمە بەهیچ شێوەیەك دەرگا بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئاكپارتی ناكەینەوە، ئەم لێدوانەی سەڵاحەدین دەمیرتاش لەلایان موراد قەرەیلانەوە، بە تووندی رەخنەی لێگیرا و بە لێدوانێكی ناسیاسی و ناكامڵ پێناسە كرا، ئەم لێدوانەی سەڵاحەدین دەمیرتاش زەنگی دەستپێكی هەموو ئەو هەنگاوانە بوون كە هەدەپەی بۆ قۆناغێك راكێشا، هەموو سەركردەكانی لە زینداندا توركیادا قایم كرد، چونكە هەدەپە لەوە نەگەیشت هۆكاری سەركەوتنی لە قۆناغێكی هەستیاردایە، ئەگەر ژیرانە مامەڵە نەكات، ئەوا دۆخەكە دەتەقێتەوە، بەڵام روانگای سیاسیی هەدەپە هەستیاریی تێدا نەبوو ئەمەش بوو وای لە سەڵاحەدین دەمیرتاش كرد لێدوانی بەم شێوەیە بدات.
قەندیل و داخوازیی ئۆجەلان
ئەوەی جێگای سەرسوڕمان بوو، پشتگوێخستنی بانگەشەی ئۆجەلان بوو بۆ چەكدانان و كۆنگرەی پەكەكە، لەلایان سەركردایەتیی قەندیل، نەك هەر پشتگوێخستنی بانگەشەی ئۆجەلانیان كرد، بەڵكو پووشی سەركەوتن هەدەپەیان بە چەخماخەی كوشتنی دوو پۆلیس لە توركیا سوتاند، ئەم جووڵانەی قەندیل پشتئەستوور بوو بە دوو هۆكاری سەرەكی یەكەمیان، قەندیل پشتی بە ئەزموونی شەڕی كۆڵان بەكۆڵانی یەپەگە لە سووریا بەست، ویستی ئەو ئەزموونە بۆ ناو شارە كوردییەكانی باكووری كوردستان بگوازێتەوە، بەمەش سەركەوتنی شەڕی كۆڵان بە كۆڵان فەرز بكەن بەسەر سەركەوتنی تێپەڕاندنی دەنگی لەسەدا دەی هەدەپە، بۆ ئەوەی ئۆجەلان پاشگەز بكەنەوە لەو بانگەشەیەی، ئەوەی قەندیل كردی رەهەندی ئیقلیمی و جیهانیش لەبار بوو، كە بتوانێت بە چەك ئەزموونی سووریا لە توركیا دووبارە بكاتەوە، بەڵام ئەكپارتی ژێرانە قەندیلی راكێشا بۆ ناو شارەكان و زەمینەسازیی قەندیلی سازتر كرد، بۆ دوو هۆكار یەكەم، بۆ ئەوەی دۆخێكی وا لە باكووری كوردستان بخوڵقێنێت، كە تێیدا جگە لە رێكخستنە نەگۆڕەكانی پەكەكە هیچ دەنگێكی تر بۆ هەدەپە نەهێڵێتەوە، دووەم وێنای سەركەوتنی هەدەپە و شەڕی پەكەكە بەیەكەوە ببەستێتەوە، بە رووی ئەو دەنگانە بەرز بكاتەوە كە لە توركیا دەنگیان بە هەدەپە دا، هۆكاری دووەمی جووڵەی قەندیل تەسفیەی ناوخۆیی بوو كە رەوایەتی لە پاراستنی ئەزموونی پەكەكە لە سووریا وەرگرتبوو، بەڵام لە بنەرەتدا تەسفیەیهكی رووتی ناوخۆیی پەكەكە بوو، چونكە شەرعیەتی مانەوەی سەركردایەتیی قەندیل لە ئەگەری چەكداناندا دەگوازرایەوە بۆ ئامەد، بەمەش قەندیل ئامادەی ئەوەی نەبوو.
بێدەنگیی ئۆجەلان یان رێگری
ئۆجەلان زۆر دووربینانە كۆتا لێدوانی خۆی وا دا كە هەر شتێك روو بدات، لە ئەستۆی پەكەكە و ئاكپارتییە، بۆیە لەمەودوا ئەو ناتوانێت هیچ ئەركێك بگرێتە ئەستۆی خۆی، ئەمە دوالێدوانی ئۆجەلان بوو، چونكە روانگای ئۆجەلان تەواو لەبار بوو بۆ ئەوەی شەرعیەتی چەكداری بگوازێتەوە بۆ سیاسی، ئەم لێدوانەی ئۆجەلان بە چەندین رەهەندی جیاواز خوێنەوەی بۆ دەكرێت، بەڵام رەهەندی زاڵی ئەم لێدوانەی بۆ چەكدانانی پەكەكە، پشتئەستوور بوو بە رزگاركردنی خەباتی پەكەكە لەو باهۆزە سیاسییەی كە كڵپەی ئاگری هێنابووە بوون لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، ئۆجەلان باش دەیزانی كە ئەگەر پەكەكە دەست لەو چەكە هەڵنەگرێت ناچار بە گولله نان بە حێقەی خۆی دەكرێت، بۆیە ئۆجەلان كە دیمەنەكان وێنای لەدەست دەرچوونی پەكەكەیان كرد، بێدەنگی هەڵبژارد و هیچ لێدوانێكی نەدا، تەنانەت چەندین جاریش خانەوادەی ئۆجەلان چوون بۆ لای هیچ روانگایەكی سیاسیی خۆی و هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخەكە نەخستە روو.
پەكەكە بەرەو دابەشبوون دەچێت
هیچ رێگایەك لەبەردەم مانهوهی پەكەكەدا نەماوەتەوە بەم سەركردایەتییەی ئێستای لە قەندیل، هیچ ئاماژەیەكیش نییە تا پەكەكە بچێتە ژێر بەدیلی پرۆسەی چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی كورد لە توركیا كە ئەردۆگان بە بەدیلی چەكدانان بەستوویەتیەوە، دۆخی باكووری كوردستانیش لەئاستێكدا نییە كە بتوانێت وەڵامی هیچ داوایەكی قەندیل بداتەوە (بە نموونەی دەنگی راپرسی لە توركیا)، بۆیە دوو رێگا لەبەردەم پەكەكەدایە، بەدیلی ئەردۆگان جێبەجێ بكات یان دابەشبوونی پەكەكە بەسەر دوو بەرەدا كە تێیدا داواكاریی بەشی تۆراوی خەڵكی باكووری كوردستان لە بەرەیەكی جیاواز لە سەركردایەتیی ئێستای قەندیل كۆ بكاتەوە، ئەوەی لەماوەی رابردوو لە شنگال و سووریا دەگوزەرێت هیچ جووڵەیەك نابینرێت لە سەركردایەتیی قەندیل كە پاشەكشە بكات، چەكدانانی 500 چەكداری ئێزدی لە شنگال و پاشەكشەنەكردنی پەكەكە لەو دەڤەرە و پاشەكشەكردنی پەكەكە لەو ناوچانەی كە ئازادكراون بۆ ئۆپۆزسیۆن و رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا، تەواو دۆخێكی خوڵقاندووە كە پێشان دەدات سەركردایەتیی پەكەكە چەقبەستوو بووە لەوەی هەنگاوی لە كاتی خۆیدا بنێت، بۆیە لەئێستادا پەكەكە لەبەردەم دابەشبوونێكی حەتمیدایە.