گۆڕان: یەكێتی راست ناكات كاراكردنەوەی پەرلەمانی بۆ گرنگ نیە
خواكوڕك
دوای ئەوەی ئەمڕۆ شاندی هاوبەشی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆبوونەوە بەلاغی كۆبوونەوەكە لە چەند خالێك بڵاو كرایەوە كە پالپشتن بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم كە پڕۆسەیەكە لە رێگای پەرلەمانەوە دەبێت بكرێت, پەرلەمانتارێكی گۆڕان لە وەڵامی راگەیێنراوە هاوبەشەكە دەڵێت:” یەكێتی قسەو كردرەكانی یەك نین”
بێستون فایەق ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیوەتی”رەفتارو كردارەكانی یەكێتی پێچەوانەی هەڵوێست و روئیا سیاسیە نوسراوەكانێتی ، گەر دیقەتی بەیاننامەكانی یەكێتی بدەی ئەوانەی مەكتەیی سیاسی و ئەوانەشی كە بەناوی سەركردایەتی هاوبەشەوە لەگەڵ گۆڕان رایدەگەیەنێ دەردەكەوێ كە نوسین و قسەكانی یەكێتی رون و بەجێن و بە عەمەلیش هەنگاوەكانی ناڕون و نابەجێن ، لە بەیاننامەو خیتابە جۆراوجۆرەكاندا یەكێتی تەئكید لە خەباتی پارلەمانی و روڵی دامەزراوە شەرعیەكان دەكات ، لە واقع و بەكرداریش بۆ خۆی لەو لیژنەو كۆمیتانەدایە كەلە ئەسڵدا دروست كردنیان بۆ پەراوێزخستنی پارلەمان و بەئاشكرا بەدیل دروست كردنە بۆ دەزگا شەرعیەكان”
ئەو ئەندامەی بزووتنەوەی گۆڕان دەشنوسێت:” خاڵی یەكەمی زۆربەی بەیاننامەكانی یەكێتی داواكرایە بۆ كاراكردنەوەی پارلەمان، لە واقع و بە كرداریش یەكێتی پارلەمانی بۆ گرنگ نیە و هیچ هەنگاوێكی راستی لێ نابینرێ بۆ كاراكردنەوەی ئەو دەزگا شەرعیە”