بەرژەوەندییە باڵاکانى گەلى کوردستان گەیشتن بەسەربەخۆییە.
سامان ڕەشید
مافی چارەى خۆنووسین و سەربەخۆیى مافێکى ئاسایى و یاسایى هەموو نەتەوەیەکە کە بڕیار لەسەر چارەنووسى خۆى بدات و شیواز و فۆرمى سەروەرى خۆى دیارى بکات.گەلى کوردستان ماوەیەکى دورو دریژە خەبات بۆ بەدیهێنانى ئەو مافه ئەکات و سەرکردایەتى بزافى ڕزگارى خوازى گەلى کوردستان سیاسەتێکى براگماتییانەى کردووە وبەپێ هەلومەرج وباردۆخى ناوچەکە وهاوکێشە ئەقلیمییەکان،جگە لەوەى درێژەى بەخەباتى خۆى داوە،کۆمەڵێک دەسکەوتى گرنگى بۆ نەتەوەکەمان بەدەست هێناوە.بەشێوەیەکى دیکە ئەتوانین بڵێین سەرکردایەتى گەلى کوردستان کوردستانیانيان بەم وێستگەى ئەمڕۆمان گەیاندووە کە وێستگەى پێش سەربەخۆییە، ئیدارەى لامەرکەزى و ئۆتۆنۆمى و فیدڕالى ودامەزراندنى حکومەت وپەرلەمانى کوردستان،ئەو قۆناغە مێژوویانەن کە سەرکردایەتى گەلى کوردستان ئەو سیستەمانەى وەک ویستگەیەک لەپێناو گەیشتن بەئامانجى سەربەخۆیى ئەزموونکردووە.ئەو قۆناغانەش کەم نەتەوە هەیە کە لەپێناو سەربەخۆییاندا پێیایدا تێپەربووبن و ئەزموونیان کردبێ.بێگومان ئەو قۆناغانەش بەربەست و لەمپەرى بۆ دروستکراوە لەلایەن داگیرکەرانى نەتەوەکەمان چ راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەڕێگاى ئامرازەکانیان لەنێوخۆى کوردستان،بەڵام ئیرادەى نەتەوەکەمان هەموو ئەو بەربەستانەى لەنێوبردووە و سەرکەوتووانە قۆناغەکانى بڕیووە. ئەمڕۆ لەمەڕ بڕیارى سەرکردایەتى سیاسى گەلى کوردستان بۆ ئەنجام دانى ریفڕاندۆم ودیارى کردنى چارەنووسى هەرێمى کوردستان لەلایەن کوردستانیان، گوێبیستى هەندێ ئەرگۆمێنتى نالۆجیکى وناعەقڵانى دەبین لێرەو لەوێ کە ئامانج لێى بەرژەوەندى حزبی وبەربەست دروستکردنە بۆ ئەنجام دانى گشتپرسى وسەربەخۆیى.تێڕوانین بەچاویلکەى حزبى بۆ ئەم پرسە نیشتمانى ونەتەوەییە،جگە لەوەى پێچەوانەى بەرژەوەندییە باڵاکانى گەلى کوردستانە،لەمپەر وکۆسپ دروستکردنە بۆ ئەو پرۆسەیە کە نزیک سەدەیەکە گەلى کوردستان خەباتى لەپێناودا ئەکات.
بەدامەزراوەیى کردنى دامەزراوەکانى حکومەت و ئابوورییەکى بەهێز وسوپایەکى یەکگرتوو وپێشخستنى دیموکراسى و کاراکردنەوەى پەرلەمان ودیارى کردنى شێواز وفۆرمى دەسەڵات،هەموو ئەمانە ئەو پاساوانەن کە هەندێک لەهەرێمى کوردستان لەچوارچێوەى بنەماکانى دەوڵەت وەک ڕوانگەى سیاسى خۆیان دەیخەنە ڕوو،ئەمە لەکاتێکدایە لەهیچ پێناسیەک و لەهیچ لەو توێژینەوانەى بۆ چەمکى دەولەت کراوە باسى ئەو پاساوانە نەکراوە وەک بناغەى دەوڵەت بەڵکو سێ کۆڵەکە یان بناغەى بنەڕەتى دیارى کراوە بۆ دەوڵەت ئەویش گەل و خاک و دەسەڵاتە،ئەمەیش سیفەتى یاسایى نێودەوڵەتییە بۆ دەوڵەت وهەندێکیش دانپێنانى وڵاتانیش بۆ ئەو دەولەتە بە پێویستى دەزانن.لێرەدا ئەو پاساوانەى وەک بەڵام دەخڕێنە ڕوو لەوەى کە دەڵێن (ریفراندۆم و سەربەخۆیى مافى گەلى کوردستانە،بەڵام….).هەموو ئەو بەڵامانە وهەموو ئەو چەمکانەى کە وەک پاساو دەخرێنە روو،دوو مانا دەگەیەنێ یەکەمیان ئەوەیە کەئەوانەى ئەو پاساوانە بۆ ریفراندۆم وسەربەخۆیى ئەهێننەوە،نە ئاشناى مێژوون لەوەى دەوڵەتان چۆن دروستبوونە نە شارەزایى ئەوتۆیان هەیە بۆ چەمک و بناغەکانى دەوڵەت ودەوڵەتدارى،چونکە هیچ دەوڵەتیک دروستنەکراوە کە هەموو ئەو پاساوانەى ئەوانى تێیادا بەرجەستە بووبێت،بەڵکو ئەوە دەوڵەتە سوپایەکى یەکگرتوو دروست ئەکات،ئەوە دەوڵەتە ئابوورییەکى بەهێز بونیاد ئەکات،ئەوە دەوڵەتە هەوڵى بەدامەزراوەیى کردن وگەشە بەسیستەمى دیموکراسى ئەدات،ئەوە سەروەرى دەوڵەتە کە هەموو ئەو ئەرگۆمێنتانە لەچوارچێوەیدا هەوڵى جێبەجێ کردنى ئەدرێت.دووهەمیان ئەوەیە بەویست بێ یان بێ ویست وەک ئامرازێک بۆ ڕێگرى کردن و کۆسپ دروستکرن لەبەرامبەر ریفراندۆم وسەربەخۆیى بەکاریان دەهێنن. ئەمڕۆ ئەتوانین بڵێن هەرێمى کوردستان لەکۆتا وێستگەیە بۆ گەیشتن بەسەربەخۆیى وپێویستە بەرژەوەندییە باڵاکانى گەلى کوردستان بخڕێتە پێش هەموو دەسکەوتێکى سیاسى و ململانێى حزبى وەڕەوتى سەربەخۆخوازنیش بەردەوامن بۆ گەیشتن بەو ئامانجە پیرۆزە و هەرهێزێکیش بەپێچەوانەى ئەم رەوتە هەنگاو بنێت،ئەوە لەبازنەى میژوودا دەمێنێتەوە ولەکاروانى سەربەخۆخوازن بەجێ دەمێنێت.