د.محەمەد حاجی: كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دژی ریفراندۆمی هەرێم نییە

خواكوڕك
لەگەڵ چڕكردنەوەی هەولەكانی سەركردایەتی سیاسە بۆ بە ئەنجامگەیاندنی ریفراندۆم لەمساڵ, ڕاوێژكارێكی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەلێت:” هیچ وڵاتێكی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دژی ریفراندۆم نین و تا ئێستا هیچ وڵاتێك دژایەتی خۆی بۆ ریفراندۆمی كوردستان دەرنەبڕیوە..دەشڵێ، ئەگەر ریفراندۆم ئەنجامدرا ئەوا باوەڕم وایە رای ئەوان ئەرێنی دەبێ”

د. محەمەد حاجی راوێژكاری سیاسی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاندووە ، “لە ئێستادا وەك هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و نێوخۆیی عێراق و وڵاتانی هەرێمیی پەیوەست بە ریفراندۆمەوە لە قۆناخی روونكردنەوەداین بۆ ئەوەی تێیان بگەیەنین كە دەمانەوێ رای گەلی كوردستان لەبارەی دیاریكردنی چارەنووس وەربگرین، خۆشبەختانە تا ئێستای لەگەڵدابێ هیچ وڵاتێك لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دژایەتی خۆی بۆ ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان رانەگەیاندووە.

راوێژكاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان گوتیشی:” بەرای ئێمە ھەركاتێك ریفراندۆم ئەنجامدرا و خەڵك رای خۆی دیاری كرد، ئەوكات رای كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ڕووندەبێتەوە و بەباوەڕی من ڕای ئەوان لەبارەی ریفراندۆمەوە ئەرێنی دەبێت و راگەیاندنی دەوڵەتیش ئەوكات سەركەوتوو دەبێ.
راوێژكاری سیاسی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان دەشڵێ، “رەنگە تا ٥مانگی داھاتوو ریفراندۆم لە ھەرێم ئەنجام بدرێت و ئەمەش پێویستی بە لێكتێگەیشتنێكی نێوخۆیی ھەیە و پێویستە ھەموو لایەنەكان ئەمە بەپرسی خۆیان بزانن و ئەگەر لایەنێك یاخود دوو لایەنی سیاسی ئامادەی ھەڵگرتنی ئەو بەرپرسیارەتییە نەبن نابێتە ھۆی ئەوەی ئەو پرۆسەیە سازنەدرێ، چونكە لە وڵاتانی دنیا ھەبووە لایەنی سیاسی لەگەڵ نەبووە و كارەكە كراوە و سەركەوتووش بووە، بۆیە (سەرۆك بارزانی) ئامادەیە لەگەڵ ھەموو لایەنەكان كۆبێتەوە و كێشەكان چارە بكات تا لەبارەی ریفراندۆم یەك ھەڵوێست بین، چونكە پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی لای (سەرۆك بارزانی) زۆر جیددی و گرینگە لەبەر ئەوە ھەرشتێك بۆ ریفراندۆم پێویست بێت دەیكات و پرۆسەی سەربەخۆیش بەردەوام دەبێ تا دەگاتە ئامانج.”

Back to top button