هێمن هەورامی لەبارەی كوردستانی پاش داعش چەند زانیاریەك ئاشكرا دەكات

خواكوڕك 

هێمن هەورامی راوێژكاری مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پانێلێك بەناونیشانی(خوێندنەوەیەک بۆ هەرێمی کوردستان، دوای نەمانی داعش) كە لە زانكۆی دهۆك بەرێوە چوو رایگەیاند،ئایندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەپێی توێژینەوەی ناوەندە توێژەرە جیهانییەکان، ئایندەیەکی نائارام و نادڵنیایە، لە لایەکی دیکەشەوە دەوڵەتە شکستخواردووەکانی ناوچەکە لە باتی ئەوەی ڕۆڵیان لە چارەکردنی دۆخەکەدا هەبێت، خۆیان بەشێکن لە شکست و بشێویی ناوچەکە. هەروەها ستراتیژیی جیهانی بۆ پرسی تیرۆر ستراتیژییەکە بۆ ئایندە، ئەمەش بە مانای بەردەوامیی ئەو فکرەیە.

یاریدەدەری سەرۆک بارزانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پرسی تیرۆری گەڕاندەوە بۆ شکستخواردوویی سیاسەت و ئەو ململانێیانەی لە ناوچەکەدا هەن و گوتی، ئەگەر داعشیش لەناو ببرێت، گرووپێکی دیکە لەدایک دەبێت، بۆیە پێویستە کار لەسەر جۆری گۆڕانکاریی سایکۆلۆژیی حوکمڕانانیی ناوچەکە بکرێت.

لە بەشێکی دیکەی پانێڵەکەیدا ڕاشیگەیاند، ئایندەی کوردستان پەیوەستە بەو ئایندە نائارامەوە کە لە ناوچەکەدا خولقێنراوە، چونکە ئێستا کێشەکان تەنیا بە دەوڵەتەکانەوە نەبەستراونەتەوە، تەنانەت کێشە نێوخۆییەکانی وڵاتانیش کاریگەرییان لەسەر کۆی ناوچەکە دەبێت و، بە هەموو پێوەرێک ئێمەش بەشێکین لەو ناوچەیە.

Back to top button