پزیشکە باشەکەی یەکێتی ریفراندۆمە

تەنیا كوردی
یەکێتی نیشتمانی کوردستان ماوەیەک بوو لە پەیامی سیاسییدا نەخۆش دەردەکەوت، چونکە خاوەنی پەیامێکی روون نەبوو، بەڵام لە ئێستادا کە یەکێتی خۆی خستووەتە سەر هێڵی ریفراندۆم و هاوشان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان خۆی خستووەتە بەرەی ریفراندۆمەوە، بەدڵنیاییەوە یەکێتی گەڕاندووەتە سەر نەخشەڕێگایەکی راست.
یەکێتی لە گۆڕاندا هیچی قازانج نەکرد، بەڵکوو خەریک بوو گوتاری یەکێتی لە لایەن گۆڕانەوە ئیدارە بدرێ و کەوتە جۆرەها هەڵەی سیاسییەوە، لە ئێستادا کە گوتاری یەکێتی گەڕاوەتە دەستی یەکێتی خۆی، گەیشتووەتە ئەو رادەی کە بڕیارە دروستکە بدات کە ئەویش پاڵپشتی جیددییە لە ریفراندۆم.
بڕیاری دروست بۆ یەکێتی ئەوەیە کە زۆر بەجیددی هەوڵ بۆ ریفراندۆم بدات، چونکە جەماوەری یەکێتی بە گەرمییەوە پشتیوانیان لێ دەکات.
هەندێ شت هەبوو کە یەکێتی خۆی پێسەرقاڵ کردبوو لەوانە پرسی پەکەکە و گۆڕان و مالیکی و شتی دیکە، جگە لەوەی کە زیانی سیاسی لە یەکێتیی دا هیچ ئاکامیکی بۆ یەکێتی نەبوو، بەڵام پێشوەختە یەکێتی هەستی پێدەکات کە ئێستا یەکێتی کە دەیەوێ شانبداتە ریفراندۆم و جیددی بێ، ئەوا بێگومان یەکێتی لە داهاتوودا قازانج دەکات چونکە کردنەوەی پەنجەرەیەک بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی چاکترە لە داخستنی سەدان دەرگا بۆ بەرژەوەندی بەغدا.
ریفراندۆم بە هەموو شێوەیەک پزیشکێکە بۆ یەکێتی و چارەسەری ئەو نەخۆشیانەی دەکات کە خەریک بوو بەهۆی پەیامی سیاسی یەکێتییەوە یەکێتی نێو یەکێتی لەت لەت بێ، بۆیە تا یەکێتی زیاتر بەرەو ریفراندۆم بێت، هێندەی دی یەکێتی نێو یەکێتی پتەوتر دەبێ.
یەکێتی لەگەڵ پارتییدا دەتوانێ خۆی ئیدارە بدات، چونکە لە زۆر بواری سیاسی و سەربازی و کۆمەڵایەتی و ئیداری و ئابوورییدا هاوبەشی ئەو دوو هێزە بۆ کوردستان سوودی زۆری دەبێ و خەڵکیش هەر ئەمەیان لێ چاوەڕێ دەکات بەڵام بەپێچەوانەوە دوورکەوتنەوەی یەکێتی لە پارتی بە تایبەت لەو دۆخەدا زیانی بۆ داهاتووی یەکێتی زۆر دەبێ.
ئەوەی کە گرینگە یەکێتی درکی پێبکات، ئەو راستییەیە کە یەکێتی لەگەڵ پارتییدا دەتوانێ زیاتر خۆی ئیدارە بدات نەوەک لەگەڵ حزبێکی دیکە کە مەبەستم لە گۆڕانە کە خەریک بوو یەکێتی نێو یەکێتی وردبکاتەوە بۆ چەندین باڵی دی.
لە کۆتاییدا یەکێتی دەبێ خۆیشی لەو چەند کەسە رزگاربکات کە خۆیان لە یەکێتی داماڵیوە و بوون بە پاشکۆی مالیکی، ئەگەر یەکێتی دووریشیان نەخاتەوە بەڵام سڕیان بکات، ئەوا بە دڵنیاییەوە یەکێتی بڕیارێکی زۆر دروست بۆ هەنگاوەکانی داهاتووی دەدات چونکە ئەو رێگایەی ئەگەر یەکێتی بیەوێ بۆ بەرژەوەندی سەربەخۆیی هەڵیبژێرێ، ئەوا دەبێ چەند سەرپۆشێک بخاتە سەر ئەو مەنجەڵانەی لە بەغداوە مالیکی چێشتیان لە نێودا دەخوات چونکە مالیکچییەکان لەوێدا لە پەیامی یەکێتیش دەرچوونە.

Back to top button