داوای بانگێشتكردنی سەرۆكی شارەوانی سلێمانی دەكرێت

خواكوڕك
لەڕاگەیەنراوێكدا (10) ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كە ئاراستەی دەستەی ئەنجومەنیان كردووە ،داوای بانگێشتكردنی سەرۆكی شارەوانی سلێمانی دەكەن بۆ گفتوگۆكردن لەسەر چەند تەوەرێك كە تایبەتە بە شارەوانی سلێمانیەوە .
وێنەیەكی ڕاگەیەنراوەكە دەست ( خواكوڕك ) كەوتووە و تێیدا هاتووە ” بە پێی بڕگەی (8-20) ی مادەی (18) لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ، ئیمە وەك ئەندامانی ئەنجومەن كە ناومان لە خوارەوە هاتووە ،داواكارین لەبەڕێزتان فەرمان بكەن بە میوانداری بەڕێز سەرۆكی شارەوانی سلێمانی بۆ كۆبونەوەیەكی تایبەتی لیژنەكان كە پێكهاتووە ( لیژنەی خزمەتگوزاری و شارەوانیەكان ، لیژنەی پلان و پرۆژەكان ) .
بانگێشتكردنی سەرۆكی شارەوانی سلێمانی بۆ گفتوگۆكردنە لەسەر چەند بابەتێكی گرنگ كە لە خوارەوە بەچەند خاڵێك باسیان كردووە :
1. گرفتی نێوان كۆمپانیای چاڤی لاند و شارەوانی سلێمانی ، ماوەی زیاتر لە هەفتەیەكە ئەو كێشەیە ڕوویداوەو ڕاگەیاندنەكان باسی لێوە دەكەن و ئەنجومەنی پاریزگای سلێمانیش بێدەنگی لێ كردووە .
2. زانیاری و ڕونكردنەوە دەربارەی پرۆژەی شەقامی سەدمەتری .
3. سكاڵای هاوڵاتیانی گوندی (ڕازیانە) كە نزیكەی پەنجا خێزان بێبەش بوون لە وەرگرتنی زەوی نیشتەجێ بوون .
4. گرفتی گەرەكی دارتووی نەزەر و كێشەی زیادەڕەوی گوندی عەزیزئاوا .
5. پێدانی دوو پارچە زەوی بە ڕوبەری (577 م2 و 16835م2 ) بۆتەكیەی شێخ قادری كەسنەزانی لە سنوری ناوەندی سلێمانی ، لەكاتێكدا یەك پارچە زەوییان بۆ خزمەتگوزاری دانراوە .

Back to top button