كارتەكانی ئێران بۆ ڕێگریكردن لە ڕیفراندۆم
ئاسۆ حاجی
لەگەڵ بەرەو پێشچوونی پرسی ڕیفراندۆم و نزیك بوونەوەی لایەنەكان لە یەكتر بە تایبەتیش پارتی و یەكێتی چاوەڕوان دەكرێ ئێران جگە لە كارتی ناكۆكیە ناوخۆیەكانی نێوان لایەنەكانی هەرێمی كوردستان ئەوە كارتی دیكەش بەكار بێنێت و لەوە دەچێ جەنەڕال قاسم سلێمانی لە دوا سەردانیدا بۆ شاری سلێمانی ئەو كارتانەی بۆ سەركردەكانی یەكێتی نشتیمانی كوڕدستان و بزووتنەوەی گۆڕان شیكردبنەوە.
ئێران دەتوانێ لە ڕێگای داخستنی خاڵە سنووریەكانی هەروەها لە ڕێگای حكومەتی بەغداشەوە وەستاندنی جولەی بازرگانی ئابلوقەیێكی ئابووری ڕانەگەیەندراو بخاتە سەر هەرێمی كوردستان كە تەنها لە ڕێگای توركیا كێشەی هاوردەكردن دەتواندرێ چارەسەر بكرێ بەڵام بەغداهەر دەتوانێ دەستی خۆی بوەشێنێ.
كارتێكی دیكەی دەستی ئێران كە چەند ساڵێكە پڕۆڤەی لەسەر دەكات و ئێستا ڕادەی كاریگەریەكەی لەسەر هەرێمی كوردستان باش دەزانێت ئەویش گرتنەوەی ئاوی هەموو ئەو ڕووبارانەیە كە سەرچاوەكانیان دەكەونە ناو سنوورەكانی ئێران و لەسەر هەموو ڕووبارەكانیش بەنداوی گەورەی دروست كردوە. بەو كارەش ئێران زیانێكی گەورە لە ئابووری هەرێمی كوردستان دەداتەوە كە كشتوكاڵ لە دوای نەوت بە گرنگترین سەرچاوەی داهاتی خەڵكی هەرێمی كوردستانە،ئەو كارەی ئێران وێڕای زیانە ئابووری و دارایەكەی ئەوە دەبێتە هۆی نەمانی ژیان لە سەدان و گوند و ئاوایی كە دەرئەنجامەكەی بە كۆچ بەرەو شار زیاد دەكاتەوە و ڕاستەوخۆ ڕێژەی بێكاری بەرەو بەرزی و هەژاریش بەرەو نزمی دەبات. ئێران كە لە ڕێگای هێزەكانی حەشدی شەعبیەوە بە تەواوی كۆنتڕۆلی هەموو جومگەكانی ژیانی و ژیاری عێڕاقی كردووە و ڕۆژ دوای ڕۆژ حەشدی شەعبی بەهێزتر دەبێ بۆیە دەتوانێت و ئەگەری یەكجار زۆرە كە لە ڕێگای ئەو هێزەوە جا چ بە درێژكردنەوەی بۆ ناو هەرێمی كوردستان لە ڕێگای دروستكردنی یەكەكانی حەشدی شەعبی(جاش) یان ئەگەر ئەوە فەشەلی هێنا بە هێرشكردنەوە سەر بیرە نەوتیەكانی كەركوك و گەرمیان و زیاتر هاوكاریكردنی هێزەكانی پەكەكە لەناوچەی شەنگال بەوەش تەركیزی هەرێمی كوردستان لەسەر ڕیفراندۆم لادەدا و نەفسیەتی خەڵكیش دەخاتە بارێك كە ڕیفراندۆم ببێتە بابەتێكی لەبیركراو. ئێران كە بە ئاسانی واز لە دژایەتی كردنی پرسی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان ناهێنێ لە ئێستاوە بە هاندانی بزووتنەوەی گۆڕان و بەشێك لە سەركردەكانی یەكێتی بە بەهانەی كاراكردنەوەی پەڕلەمان وەك پێش مەرجێك بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم گەمەكە درێژە پێدەدا تا چەند دەكرێ كات بكوژێ و لەو ساڵەدا نەتواندرێ ڕیفراندۆم ئەنجامبدرێ.