بەغدا هەر بەغدایە
مەسعود مەلا پەروێز
ئەو كاتەی. ( ابو مسلم خۆراسانی ) بە نەژاد كورد سوپای دەوڵەتی ئەمەوی تێكشاند لە نزیك ڕووباری زاب و كۆتایی بە خەلافەتی ( بنو ئومەویە ) هێنا و لەسەر سینیەكی زێڕین دەسەڵاتی ڕادەستی ( بنو عەباس ) كرد لە جیاتی پاداشت ، خەلیفە ( ابو منصور ) لە دیوانی خەلافەت لە ملی دا ، كاتێكیش شۆڕشی ئەیلول بە گیان فیدایی پێشمەرگە توانی سەركەوێ بەسەر سوپای عێراقدا ، دەسەڵاتدارانی بەغدا شپرزەبوون و ترسی لە دەستدانی دەسەڵاتەكەیان هەبوو ، بۆیە كەوتنە سازش و دانووسان لەگەڵ شۆرشی كورد ، بەڵام بە نیەتێكی خراپەوە هەر لەو چوار ساڵەدا كە ئەبوایە بەندەكانی رێكەتنی 11 ئازار جێبەجێ بكرێت چەندین پیلانیان دژ بە شۆرش گێڕا و بە تایبەتی هەوڵی تیرۆركردنی ( بارزانی )ـ یان دا . دواین پیلانیان ڕێكەوتنی جەزائیر بوو كە سازشكردن بوو لەسەر خاكی عێڕاق بۆ شای ئێران ، جارێكی تر دەسەڵاتی عێراق خۆی بەهێز دیتەوە و دەستی كرد بە تەعریب و لەناوبردنی فەیلی و بارزانیەكان . دوای كۆتایی هاتنی جەنگی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران ، پرۆسەی ئەنفال و ڕوخاندنی گوندەكانی كوردستانی جێبەجێكرد
دوای پرۆسەی ئازادی و ڕوخانی رژێمی بەعس ،كورد دیسان گەڕایەوە بۆ بەغدا و دەسەڵاتی بۆ بەغدا دروست كردەووە ، بە ئومێدی ئەوەی بەغدا ببێتە پایتەختی. هەمووان و هەموو پێكهاتەكان بە ئاشتی و ئارامی لەم ووڵاتە بژین ، جارێكی تر بەغدا دەستی داری گرت شەڕی برسی كردن و بڕینی موچە و بودجەی دژ بە كورد كرد ، دەستی كرد بە درووست كردنی هێز بۆ ناوچە كوردستانیەكان و هەڕەشە كردن لە كورد ، بۆیە هەمیشە بەغدا بێ هێز بێت سازش دەكات و وەفد دەنێرێت تا خۆی بەهێز دەكات كە بەهێزیش بوو دوای لەملت دەدات ، بۆیە جێگەی بڕوا نیە چونكە بەغدا هەر بەغدایە .